Accessibility links

ئەردۆغان: تەلارسازی ئەوروپا بەبێ تورکیا ناتەواوە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، تەلارسازی داهاتووی ئەورووپا بەبێ تورکیا "ناتەواوە و لەبەرامبەر بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا لاوازە."

سەرۆکی تورکیا لە ڕۆژی ئەوروپادا گوتیشی جاڕنامەی شوومان بۆ دانانی بناغەکانی یەکگرتنی ئەورووپا " پابەندبوونە بە بونیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش لەسەر بنەمای ئاشتی و هاوکاری و ڕێزگرتنی یەکتر لە کیشوەرەکەماندا."

ئاماژەی بەوەشکرد، بنەماکانی دامەزراندنی یەکێتی ئەورووپا 76 ساڵ لەمەوبەر، ئێستا بەهۆی چەندین قەیرانی جیهانییەوە لەژێر تاقیکردنەوەدان، لەوانە شەڕ و ناسەقامگیری سیاسی و ئاستەنگی ئابووری. ئاماژەی بەوەش بەهۆی ئەم پێشهاتانە پێویست دەکات یەکێتی ئەوروپا سیاسەتی گشتگیرتر و یەکگرتووتر پەیڕەو بکات.

ئەردۆغان جەختیشی لە گرنگی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا کردەوە و گوتی " هەروەکو پێشتریش ڕامانگەیاندووە، یەکێتی ئەورووپا زیاتر پێویستی بە تورکیایە لەوەی کە تورکیا پێویستی بە یەکێتییەکە هەبێت و ئەم پێویستییە لە داهاتوودا زیاتریش دەبێت."

ڕۆژی شەممە 9 ی مانگی پێنج، 76 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر جاڕنامەی مێژووی شوومان، کە تیایدا داوای هاوکارییەکی نوێی سیاسی کرا و درەنجام بووە هۆی دامەزراندنی یەکێتی ئەوروپا.

تورکیا کاندیدی فەرمییە بۆ بوون بە ئەندامی یەكێتی ئەورووپا، بەڵام وتووێژەکانی بە ئەندامبوون کە لە ساڵی 2005 دا دەستیانپێکرد، لە ساڵی 2016 وە گەیشتوونەتە بنبەست بەهۆی نیگەرانییەکان لەسەر ئاستی دیموکراسی و کێشە بنچینییەکانی تورکیا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG