کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی بە ناوی ڤیگۆر مێدیکەڵ VIGOR Medical ئامێرێکی بەرهەم هێناوە کە دەکرێت وەک شۆڕشێک بێت بۆ چارەسەرکردنی خوێنبەربوونی ناوەکی.
خوێنبەربوونی ناوەکی لە سینگدا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە جیهاندا. ئەم بارودۆخە ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە بەهۆی بەرکەوتنی زەبرێکی توند و لەناکاو. بۆ نموونە؛ لە کاتی پێکداکێشان یان وەرگەڕانی ئوتومبێل، بەربوونەوە، برینداربوون بەهۆی جەنگەوە و چەندین بارودۆخی دیکە. ڤیگۆر ميدیکەڵ ئامێرێکی بچووکی گواستراوەی بەرهەم هێناوە کە دەتوانيت زۆر کاریگەر بێت و لە چەند خولەکێکی کەمدا ژیانی مرۆڤەکە لە مردن ڕزگار بکات.
بەپێی توێژینەوەیەکی پەیمانگەی نیشتیمانی بۆ تەندرووستی (NIH) لە ئەمەریکا، لە کۆی ئەو کەسانەی کە دووچاری برینەکانی سنگ دەبنەوە، %25 یان گیان لەدەست دەدەن. ئەمەش ساڵانە بە 16 هەزار کەس تەنیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا مەزەندە دەکرێت و ژمارەکە لەسەر ئاستی جیهان زۆر زیاترە.
ئامێرە ئیسرائیلییەکە ناوی (C-Lant Port)ە کە وەکو ئامێرێکی خێرا بەکار دێت لە پاککردنەوەی سنگ لە شلە زیادەکان کە بەهۆی ڕووداوەکانەوە کۆدەبنەوە و ئەگەر بە زوویی چارەسەر نەکرێت، کەسی تووشبوو گیان لە دەست دەدات. لە کۆتا تاقیکردنەوەکانی ئامێرە نوێیەکەدا لە لایەن کارمەندانی تەندرووستییەوە، بەکارهێنەران توانیویانە لە ماوەی تەنیا دوو خولەکدا نەخۆشەکان ڕزگار بکەن. لە کاتێکدا، لە بارودۆخی ئاسایی و پێش هەبوونی ئەم ئامێرە، گواستنەوەی نەخۆش بۆ نەخۆشخانە و پرۆسەکانی ئامادەکردنی نەشتەرگەری کاتێکی زۆری دەخایەند و ڕێژەیەکی بەرزی مردنی لێ دەکەوتەوە.
لەم دواییانەدا کۆمپانیا ئیسرائیلییەکە ڕایگەیاند کە بەڕێوەبەرێتیی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکی (FDA) ئامێرە نوێیەکەیانی پەسەند کردووە و لە ئێستادا کۆمپانیای ڤیگۆر لە قۆناغی بەرهەمهينانی زیاتردایە و دەخوازێت کە ئامێرەکەیان سەرەتا لە ناوخۆی ئیسرائیل بکەوێتە خزمەتی سوپا و نەخۆشخانەکان و دواتر لە ئەمەریکا و تەواوی جیهاندا بەکار بهێندرێت.
ئەوەی مایەی دڵخۆشییە ئەوەیە کە دەکرێت کارمەندانی فریاگوزاری و تەندرووستی لەسەر چۆنییەتی بەکارهێنانی ئامێرەکە ڕابهێندرێن و بە خێرایی نەخۆشەکان لە مردن ڕزگار بکەن. کۆی پرۆسەکە هەر لە شوێنی ڕووداوەکە جێبەجێ دەکرێت.