سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کیر ستارمەر، ڕایگەیاند، حکومەت دەتوانێت لە هەندێک بارودۆخدا ڕێپێوانەکانی لایەنگرانی فەلەستینی قەدەغە بکات، بەهۆی ئەو "کاریگەرییە کەڵەکەبووەی" خۆپیشاندانەکان لەسەر کۆمەڵگەی جووەکان هەیبوو، دوای ئەوەی لە ڕۆژی چوارشەممە دوو پیاوی جوو لە لەندەن درانە بەر چەقۆ .
ستارمەر بە کەناڵی بی بی سی ڕاگەیاندووە ئەو هەمیشە بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین و ناڕەزایەتی ئاشتیانە دەکات، بەڵام دروشمەکانی وەک "سەرهەڵدان بە جیهانی بکەن" لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا "بەتەواوی لە سنوور دەرچووە" و ئەوانەی ئەم دووروشمانە دەڵێنەوە پێویستە دادگایی بکرێن .
ڕێپێوانەکانی لایەنگری فەلەستینیەکان لە لەندەن لە دوای هێرشی ئۆکتۆبەری 2023ی تیرۆرستانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە شەڕی غەززەی لێکەوتەوە بووەتە شتێکی ئاسایی.
ڕەخنەگران دەڵێن خۆپیشاندانەکان ڕق و کینەیان لێکەوتووەتەوە و بوونەتە مایەی سەرنجی دژە جووەکان .
لە لایەکی ترەوە خۆپیشاندەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە مافی دیموکراسی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ تیشک خستنە سەر مافە بەردەوامەکانی مرۆڤ و پرسە سیاسییەکانی پەیوەست بە دۆخی غەززە.
سەرۆک وەزیری بەریتانیا گوتیشی پێموایە کاتی ئەوە هاتووە لە سەرانسەری وڵاتدا سەیری ناڕەزایەتییەکان و کاریگەرییە کەڵەکەبووەکان بکەین، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە حکومەت سەیری ئەوە بکات کە لەمەولا دەتوانێت چی بکات.
ڕۆژی پێنجشەممە بەریتانیا ئاستی هەڕەشەی تیرۆریزمی بۆ "توند" بەرزکردەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نیگەرانییە ئاسایشییەکان لە زیادبووندان سەبارەت بەوەی دەوڵەتانی بیانی یارمەتی خۆشکردنی توندوتیژی دەدەن، لەنێویاندا تووندوتیژی لە دژی کۆمەڵگەی جووەکان.
لۆڕێنس تایلۆر، بەرپرسی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "ئێمە مەترسییەکی زۆر بۆ سەر تاک و دامەزراوە جووەکان و ئیسرائیلییەکان لە بەریتانیا دەبینین"، ئاماژەی بەوەشکردووە، پۆلیس هەروەها کاردەکات "دژی دۆخێکی جیهانی پێشبینینەکراو کە کاریگەری زیاتری بۆ سەر وڵات هەیە، لەنێویاندا هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەو کەسانەی کار بۆ دەوڵەتانی تر دەکەن".