حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێت، لە سەرەتای شەڕی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە دژ بە ڕژێمی ئێران، کۆماری ئیسلامی زیاتر لە 114 جار بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو حزبە حزبە لایەنێک نەبووە لەو ململانێیەدا.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەرباری ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران، هێرشەکان بۆ سەر پێگەی حزب و لایەنە کوردییەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن، شوێنی نیشتەجێبوونی ئەندامەکانیان و بنەماڵەکانیان، هەروەها هێرش بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن.
دەشڵێت لەو هێرشانەشدا لانیکەم 10 کەس کوژراو و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، و زیانی دارایی بەرفراوانیشی لێکەوتووەتەوە.
بە پێی بەیاننامەکە، دوایین هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پێگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران درەنگانێکی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە بوو کە تیایدا "کەمپی ئازادی" بە پێنج فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی خۆکوژی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کۆیە لە پارێزگای هەولێر کرایە ئامانج.
ماوەی هەفتەیەکدا ئەمە دووهەم هێرشە بۆ سەر کەمپی ئازادی، دوای ئەوەی دوو موشەک لە شوێنی ڕووداوەکە ڕۆژی دووشەممە کەوتە خوارەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی شەممە ئاماری نوێی هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند لەوەتای ئۆپەراسیۆنی دژ بە ڕژێمی ئێران لە 28ی مانگی دووی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە 809 هێرشی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و مووشەک کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا هەرێمەکە لەو ململانێیەدا بێلایەنە.
سەرکردە کوردەکان چەندین جار ڕەخنەیان لە حکومەتی عێراق گرتووە لەسەر ئەو هێرشانە سەرەڕای ئاگربەست و ڕایانگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو ململانێیەدا.