سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی تاران لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردووەتەوە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی ئازاد، مافی هەموو کەسێکە و نابێت بە هیچ ناوێک بفرۆشرێت.
لەم بەیاننامەیەدا ڕەخنە لە سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران مەسعود پزیشکیان گیراوە و دەڵێت کاتێک بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی دەکرد ڕایگەیاندبوو کە دژی فلتەرکردنی نەشیاو دەوەستێتەوە، ئێستا نابێت ڕێگەبدات بە فرۆشتنی مافی یاسایی خەڵک بە کڕیارانی دیاریکراو بە نرخێکی گرانتر لە حکومەتەکەیدا، ئەمە جگە لەوەی بۆ ماوەیەکی درێژخایانە ئینتەرنێتی وڵاتەکە بلۆککراوە.
ڕۆژنامەنووسانی تاران پێیان وایە کە "ئینتەرنێتی ئازاد ئامرازێکە بۆ ڕاگەیاندن" و داوایان لە حکومەت کردووە ئەم دەرفەتە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان بۆ هەموو ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دابین بکات نەک تەنها کەسانی دیاریکراو.
بلۆککردنی ئینتەرنێت لە ئێران ڕۆژی پێنجشەممە پێی نایە 62هەمین ڕۆژی لەسەریەک و لەم ماوەیەدا حکومەتەکەی پزیشکیان تەنیا ئینتەرنێتی بەو بەکارهێنەرانە داوە کە لەگەڵ حکومەت هاوڕان.