Accessibility links

میدیاکانی ئیسرائیل: دوو تەکنیکاری سوپای ئیسرائیل بە سیخوڕیکردن بۆ ئێران تۆمەتبار دەکرێن

کان نیوز کە میدیای حکومەتی ئیسرائیلە، ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند دوو تەکنیکاری هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە بنکەی ئاسمانی تەل نوف لە نزیک ئەشدۆد بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی ئۆپەراسیۆنی دژ بە تاران، دەستگیر کراون و خراونەتە ژێر لێکۆڵینەوە.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست، ئەو دوو تەکنیکارە کە کاریان لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی ئێف 15 کردووە، تۆمەتبارکراون بە گواستنەوەی بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە دیاگرامی بزوێنەر و ناردنی وێنەی دەموچاوی ڕاهێنەرێکی فڕین کە ئەمەش کارێکە بەپێی یاسای سەربازی ئیسرائیل قەدەغەکراوە.

هەروەها دەوترێت داوایان لێکراوە زانیاری لەسەر سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل و وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە کۆبکەنەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەلەی کان نیوز، دەسەڵاتداران لە ئێستادا بیر لەوە دەکەنەوە کە ئایا تۆمەتی یەکێک لە تەکنیککارەکان لە سیخوڕیەوە بۆ خیانەت بەرز بکەنەوە یان نا.

هەروەها باس لەوە دەکرێت هەشت سەربازی دیکەی بنکەکە گومانیان لێدەکرێت ، چوونکە ئاگاداری کارەکانی ئەو دوو تەکنیکارە بوون، بەڵام بەرپرسەکانیان ئاگادار نەکردووەتەوە.

لە شەڕی دواییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کە بووە هۆی کوژرانی سەرکردەکانی تاران، لەوان عەلی خامنەیی، ئیسرائیل توانی بە شێوەیەکی کاریگەر باڵادەستی ئاسمانی بەسەر ئاسمانی ئێراندا بەدەست بهێنێت و هیچ کام لە فڕۆکە جەنگییەکانی لە ئێران نەخراونەتە خوارەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG