Accessibility links

گرانی و نائەمنی و سنوورداربوونی ئینتەرنێت؛ لێدوانی هاووڵاتیانی نێوخۆ سەبارەت بەم ڕۆژانەی ئێران

ڕاپۆرتەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن دۆخی شەڕ، فشارە ئابوورییەکانی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی کە قسەیان بۆ دەنگی ئەمەریکا کردووە و بە هۆکاری ئاسایشی ناوەکانیان ئاشکرا ناکرێت، نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکان لەوانە خۆراک و سووتەمەنی و کەلوپەلی سەرەکی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە خێزانەکان دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان هەتا دێت قورستر بێت بۆیان.

هاووڵاتییەکی کورد لە شاری ورمێ دەڵێت "لەو شارە و دەورووبەری وێڕای ئەوەی گرانی و نەبوونی کارەبا و ئینتەرنێت و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان گوشاری بۆ سەر خەڵک پتر کردووە و ژیانی لێ قورس کردوون، هاوکات ڕێژێمیش لە نێو شاری ورمێ خەڵکێکی زۆری غەیرە کوردی چەکدار کردووە و هەروەها لە دەرەوەی شاریش ژمارەیەک لەو کەسانەی چ بە ئاشکرا و چ بە نهێنی وەک بەسیجی بوون، بانگ کراونەتەوە و ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی لە ئەگەری سەرهەڵدانی دووبارەی ناڕەزایەتی، وەک هێزی سەرکوتکەر تەنانەت لە خاڵە پشکنینە کاتییەکانیش کەڵکیان لێ‌ وەربگرن."

ئەم هاووڵاتییە جەخت دەکاتەوە کە سەرەڕای هەموو دژوارییەکانی ئەم دۆخەی ئیستا تێیدا دەژین،بەڵام خەڵکێکی بەرچاو خۆشحاڵن کە ڕێژێم تووشی وەها دۆخێک بووە و دەڵێن "جاران ئێمە لە ڕێژێم دەترساین، بەڵام ئێستا ئەوە ڕێژێمە کە لە ئێمە دەترسێت."

سەرچاوەیەکی دیکە لە شاری بۆکان دەڵێت لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی شەڕدا ناوچەکانی نزیک سنووری ئێران و عێراق چاوەڕوانی پێشوازیکردن و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بوون. دەشڵێت ڕێژێم لە ترسی هەر چەشنە هێرشێک چەندین بارهەڵگری پڕ لە مووشەکی بۆ شاری مەریوان ڕەوانە کردووە و پاسدارەکان بۆ ئەوەی ئەمانە لە خەڵک بشارنەوە، بارهەڵگرەکانیان بە چادر و خێوەت داپۆشیووە.

هەر سەبارەت بە شاری بۆکان وەک ئەو سەرچاوەیە بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە بەشێکی زۆری کارمەندەکانی حکومەتی نێردراونەتەوە بۆ ماڵ و یان بەشێوەی ئانڵاین لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ڕێگەیان پێدراوە کار بکەن.

ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، خەڵک لەم شارە تا ڕادەیەک بە دۆخەکە گەشبینن و بە شێوەیەک لە شێوەکان پێیان وایە بە ژمارەیەکی کەم لە هێزی پێشمەرگە، شارەکە ڕزگای دەبێت، چونکە پاسدار و چەکداری ڕێژێمی ئێران، جگە لە هێندێک شوێنی تایبەتی نەبێت، زۆر بەکەمی لە شارەکەدا دەبینرێن و بە گشتی خەڵک پێیان وایە "هێزە چەکدارەکانی رێژێم ورەیان نەماوە و ترساون."

لە شاری نەغەدەوە، هاووڵاتییەکی دیکە دەلێت لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان، خەڵک پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیان سنووردار کراوە و بۆ تاوتوێ کردنی بابەتە هەستیارەکان و تەنانەت ڕووداوەکان زیاتر لە کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ کەڵک وەردەگرن.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت حکومەتی ئێران بەرنامە و ئاپی تایبەتی خۆی وەک ڕووبیکا لە نێو خەڵک بڵاو کردووەتەوە بۆ ئەوەی لەجیاتی شتی دیکە بەکاری بهێنن بۆ پەیوەندی گرتن، بەڵام خەڵک ناوێرن، چوونگە نیگەرانن لەوەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە رێگەی ئەو ئەپ و بەرنامانەوە سیخوڕیان بەسەرەوە بکرێت و کێشەیان بۆ دروست ببێت.

هەروەها ئاماژە دەکات کە لەوەتای دەستپێکی شەڕەوە کەسانێکی زۆر بە تۆمەتی پەیوەندیگرتن لە گەڵ دەرەوە و تاوانی بێ‌بنەما دەستبەسەر کراون.

دەشڵێت زۆرێک لە کاسبکاران وەک زێڕینگەرەکان و ئەوانەی بۆ کاسبی ڕۆژانەیان پێویستیان بە ئێنتەرنێتی ئازاد هەیە، لە گەڵ قەیران و کیشەی زۆر ڕووبەڕوو بونەتەوە و زۆربەی کات بازاڕەکانیان داخستووە.

هاوکات بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان و نەبوونی داهاتی پێویست، فشارێکی زۆری خستووەتە سەر بژێوی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. زۆرێک لە خێزانەکان لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان ڕووبەڕووی کێشەی جددی بوونەتەوە و ئەم دۆخەش ئاستی نیگەرانی هاووڵاتیانی زیاتر کردووە.

بەپێی هەواڵە ناوخۆییەکان، ژمارەیەک لە دانیشتوانی شارەکان ناچاربوون ڕوو لە ماڵی کەسوکارەکانیان بکەن لە گوند و لادێکان بۆ کەمکردنەوەی تێچوونەکانی ژیانیان، ئەمەش بەهۆی گرانی و نەبوونی هەلی کار و زیادبوونی خەرجییەکانی ژیانیان.

بە وتەی هاووڵاتییەکی خەڵکی بوکان، دۆخی پەیوەندییەکان لە سەرانسەری ئێران بۆتە کێشەیەکی جیددی بۆ خەڵک. دەشڵێت دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت و ئامرازەکانی پەیوەندیکردن تەنها سنووردار نییە، بەڵکو تێچووی زۆریشی بۆ هاووڵاتیان هەیە ئەگەر بەردەست بێت.

ئەو سەرچاوەیە ڕوونیدەکاتەوە کە لە هەمان کاتدا لەگەڵ ئەو سنووردارکردنە بەربڵاوانەی کە لە ئینتەرنێتدا هەیە، جۆرێک لە سیمکارت هەیە کە بە "سیمکارتی سپی" ناسراوە و ئەمەش بۆ هەندێک کەس بەردەستە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە ئەم سیمکارتانە بە شێوەیەکی سەرەکی لەبەردەستی بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و بەرپرسانی حکومی یان کەسانی سەر بە هەندێک دامودەزگا حکومەتییەکانن و بۆیان هەیە بە بێ هێچ بەربەستێک ئینتەرنێت بەکار بهێنن.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم جۆرە دەستڕاگەیشتنە هەندێکجار بە شێوەیەکی نافەرمی و بە نرخێکی زۆر لە بازاڕی ڕەشدا دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت.

ئەو هاووڵاتییە هەروەها هۆشداری دەدات لەوەی زۆرینەی خەڵک بە بێدەنگی چاوەڕێن بزانن چ ڕوودەدات و دەڵێت خەڵکەکە پێیان باشە لەم دۆخەی ئێستادا خۆیان لە دەربڕینی بۆچوونەکانیان بەدوور بگرن. بە وتەی ئەو، بە تایبەت دوای ڕووداوە توندوتیژەکانی مانگی بەفرانبار، دۆخەکە بە شێوەیەک نییە کە لەبار بێت بۆ دەربڕینی ڕاستەوخۆی بیروڕا، بەڵام خەڵک دڵخۆشن بەوەی ڕێژێم بڕووخێت و نەمێنێت.

جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەم بێدەنگییە مەرج نییە بە مانای ڕەزامەندی بێت، بەڵکو لە نیگەرانی و بارودۆخێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە وایکردووە زۆرێک لە هاووڵاتیان وریا بن.

هاووڵاتییەکی خەڵکی تاران سەبارەت بە دۆخی شارەکە دەڵێت هەر لە سەرەتای شەڕکەوە، بەشێکی زۆری خەڵک بۆ پاراستنی خۆیان شارەکەیان چۆڵ کرد.

دەڵێت "بەڵام من و بنەماڵەکەم لە تەواوی ماوەی ئەم شەڕەدا لە تاران بووین و وەک خۆم پێم باشە وێرانی بکەن، بەڵام لە نێو کەشوهەوایەکدا بژیم کە ئەم بکوژانەی لێ نەبێت."

ئەو جەخت دەکاتەوە "هێشتاش خەریکی لەسێدارەدانن؛ هێشتاش خەریکی ملهوڕیین؛ هێشتاش لە سەر ئەشکەنجەکردن بەردەوامن و دەنگی ئێمەیان کپ کردووە."

This item is part of
XS
SM
MD
LG