ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا کە نەیارێکی سەرسەختی هاوکارییەکانی یەکێتی ئەوروپا بوو بۆ ئۆکرانیا لە دژی لەشکرکێشی ڕووسیا، دواجار ڕۆژی یەکشەممە 12ی مانگی چوار دوای شانزە ساڵ دەسەڵاتداری، شکستی هێنا. پارتی ئۆپزسیۆنی تیسا بەسەرۆکایەتی پیتەر مەجار کە کەسێکی میانڕەوە، توانی ڕۆژی یەکشەممە سەرکەوێت بەسەر پارتەکەی ڤیکتۆر ئوربان-دا.
بە گوێرەی ئەنجامە فەرمییەکان، پێدەچێت پارتی تیسا لایەنی کەم 138 کورسی لە کۆی 199 کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، ئەمەش لەکاتێکدایە پارتەکەی ئۆربان نزیەکەی 55 کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کردووە .
پیتەر مەجار ەل وتاری سەرکەوتنەکەیدا وتی"بە دوولەسەر سێی زۆرینەی دەستووریمانەوە سیستەمی دەسەڵاتی پشکنین و هاوسەنگی دەخەینەوەگەڕ" و بەڵێنی دا بەشداری دامەزراوەکانی ئەوروپا بکات لە نێویاندا ئۆفیسی داواکاری گشتی ئەوروپا.
ناوبراو وتیشی"دووبارە هەنگاریا دەبێتەوە بە هاوپەیمانێکی بەهێز لە ناو یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ"دا.
ئۆربان کە هاوپەیمانیکی نزیکی دۆناڵد ترامپە دانی بە شکستەکەیدا ناوە و ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی بە "ئازاربەخش" ناو برد و لەهەمانکاتدا پیرۆزبایی لە پارتی براوە کرد.
جێی ئاماژەیە ئۆربان بۆ ماوەی 20 سال و لە دوو خولی جیاوازدا سەرەک وەزیران بووە .
سەرەک وەزیرانی بەریتانیا کێیەر ستامەر پیرۆزبایی ئاراستەی مەجار کرد و وتی سەرکەوتنی پارتەکەی "ساتێکی مێژوویە" بۆ هەنگاریا و دیموکراسی لە ئەوروپا.
سەرۆکی فەرەنسا ئیمانیۆل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا فریدرک مێرز لەنێو ئەو ڕێبەرانەی ئەوروپا بوون کە پیرۆزباییان ئاراستەی مەجار کرد.
ڕووسیا ڕایگەیاندوە پیرۆزبای لە سەرۆکی نوێی هەنگاریا ناکات لەبەرئەوەی ووڵاتەکە بەفەرمی بە "وڵاتێکی نادۆستی " ڕووسیا ناسراوە کە پشتیوانی لە ئابڵووقکانی سەر ڕووسیا دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ئامادەی هیچ لێدوانێک نەبوو بۆ دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە هەنگاریا .