کیێەر ستارمێر، سەرەک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند وڵاتەکەی کۆبوونەوەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەبات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی داخستنی تەنگەی هورمز و پاراستنی کەشتیوانی لەو تەنگەیەدا.
ستارمێر لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی "بەردەوامی داخستنی تەنگەی هورمز کە ڕێگەی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتە لە جیهاندا، بە تەواوی کاریگەری لەسەر کەشتیوانی جیهانی دروستکردووە و فشارێکی زۆری خستووەتە سەر ژیانی خەڵک بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی."
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەشڵێت بەریتانیا زیاتر لە 40 وڵاتی کۆکردوەتەوە و ئەم هەفتەیە لەگەڵ فەڕەنسا کۆبونەوەیەکی هاوبەش بەڕێوەدەبات بۆ داڕشتنی پلانێکی نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی کەشتیوانی دوای کۆتاییهاتنی شەڕ.
تەنگەی هورمز کە لە نێوان ئێران و عەماندایە، ڕێگەی سەرەکییە بۆ هاتوچۆی نەوت و گاز لە کەنداوی فارس. پێش قەیرانەکە، نزیکەی 20 لەسەدی نەوتی جیهان لە ڕێگەی ئەم تەنگەیەوە دەگوازرایەوە. بەڵام دوای ئەوەی ئێران ئەو تەنگەیەی داخست، هاتوچۆی کەشتییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوەتەوە و گەیشتووەتە ژێر 10٪ ئاستی ئاسایی خۆی.