Accessibility links

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە ڕژێمی ئێران دەکات دەستبەجێ دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت بگەڕێنێتەوە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات دەستبەجێ ئینتەرنێت بگەڕێننەوە بۆ خەڵک، ئەمەش لە کاتێکدا ماوەی هەزار کاتژمێرە لە داخستنی ئینتەرنێت لە ئێران تێدەپەڕێت.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی" خەڵکی ئێران زیاتر لە هەزار کاتژمێرە لە تاریکی دیجیتاڵیدا ژیان بەسەر دەبەن، دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت مافێکی بنەڕەتی مرۆڤە و لە کاتی ململانێدا شتێکی جەوهەرییە و جێگرەوەی نییە، پێویستە دەسەڵات دەستبەجێ دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت بگەڕێنێتەوە."

نووسینگەی ڕێکخراوەکە لە بەریتانیا هەروەها نووسیویەتی "هەزار سەعات بێ ئەوەی بتوانیت پەیوەندی بە بنەماڵەکەتەوە بکەیت، هەزار سەعات بێ هەواڵ لە جیهانی دەرەوە، هەزار کاتژمێر بەبێ دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە سەرەکییەکان؛ 90 ملیۆن کەس لە ئێران ئێستا هەزار کاتژمێرە لە تاریکی دیجیتاڵیدا بەسەر دەبەن."

لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی مانگی دوو، حکومەتی ئێران ئینتەرنێت و ئامرازەکانی تری پەیوەندیکردنی بەڕووی خەڵکدا داخست و پەیوەندییەکانی خەڵکی لەگەڵ جیهانی دەرەوە پچڕاند و ئێستاش سەرەڕای 42 ڕۆژ لە داخستنی ئەم مافە بنەڕەتییە، ڕژێمی ئێران هەر بەردەوامە لە داخستنی، ئەمەش بە بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک.

بەردەوامی داخستنی ئینتەرنێت لێکەوتەی ئابووری زۆر قورسی لەسەر ئابووری خوودی ئێرانیش هەیە و بەپێی حیساباتێکی سەرەتایی، ڕۆژانە بە هۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە نزیکەی "37 ملیۆن دۆلار" زیان بە ئابووری وڵاتەکە دەگات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG