فەرماندەی هێزی دەریایی فەرەنسا دەڵێت دەستێوەردانی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی تەنگەی هورمز.
فەرماندەی هێزی دەریایی فەرەنسا ڕۆژی چوارشەممە 1ی مانگی چوار ڕایگەیاند "دەستێوەردانی سەربازی بۆ پاراستنی تەنگەی هورمز زۆر گرنگە." ئەمە یەکەمجارە بەرپرسێکی باڵای فەرەنسا باس لە دەستوەردانی سەربازی لە تەنگەی هورمز بکات.
لێدوانی ئەم بەرپرسە باڵایەی فەرەنسا لەکاتێکدایە کە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا پێشنیاری کردووە هەر هەنگاوێک لە تەنگەی هورمز لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەنجام بدرێت.
تەنگەی هورمز کە یەکێک لە سەرەکیترین ڕێرەوە ئاوییەکانە بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز لە جیهاندا، بە شێوەیەکی کاریگەر لەلایەن ئێرانەوە داخراوە و ماکرۆن دەڵێت هەر هەنگاوێکی نێودەوڵەتی بۆ کردنەوەکەی، تەنها کاتێک دەکرێت کە شەڕەکە کەم بێتەوە و ڕاوێژ بە کۆمپانیاکانی بیمە و کەشتیوانی بکرێت و ئێران ڕەزامەندی هەبێت.
سێ سەرچاوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ترامپ توڕە بووە دوای ئەوەی فەرەنسا لە 1ی مانگی چواردا ڕێگەی بە ئیسرائیل نەدا ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ گواستنەوەی چەکی ئەمەریکا بەکار بهێنێت.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی دەیڵی تەلەگرافی بەریتانیا ڕایگەیاند بە شێوەیەکی ڕژد بیر لە کشانەوەی ئەمەریکا لە ناتۆ دەکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هاوپەیمانەکانی نەیانتوانی پشتیوانی لە هەنگاوە سەربازییەکانی ئەمەریکا بکەن دژی کۆماری ئیسلامی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز، ترامپ لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا، هاوپەیمانیی ناتۆی بە "پڵنگی کاغەزی" ناوبرد و وتی پرسی کشانەوەی ئەمەریکا لە پەیمانی بەرگری ئێستا لە سەروی پێداچوونەوەدایە.
فەرماندەی هێزی دەریایی فەرەنسا جەخت لەسەر پێویستی ئامادەبوونی سەربازی بۆ ئاسایشی تەنگەی هورمز دەکاتەوە