Accessibility links

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: ئێران نابێت بە داخستنی تەنگەی هورمز ئابووری جیهان بە بارمتە بگرێت

یڤێت کووپەر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت لە فەڕەنسا ڕایگەیاند نابێت ڕێگە بە ئێران بدرێت بە داخستنی تەنگەی هورمز کە تەنگەیەکی نێودەوڵەتییە و پەیوەندی بە ئازادیی هاتوچۆیی دەریاییەوە هەیە ئابووریی جیهانی بە بارمتە بگرێت.

کووپەر بە ڕاشکاوی وتی "بە دڵنیاییەوە دەڵێم، ئێران نابێت ڕێگەی پێ بدرێت ئابووریی جیهان بە بارمتە بگرێت بەهۆی داخستنی تەنگەیێک کە پەیوەندی بە ڕێڕەوەکانی نێودەوڵەتی و ئازادیی کەشتیوانی هەیە."

ئەمەش لە کاتێکدایە کە سوپای پاسداران ڕۆژی هەینی لە ڕاگەیاندنێکی فەرمیدا گوتی، تەنگەی هورمزی بە تەواوەتی داخراستووە. بە پێجەوانەی ئەوەی کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، بانگەشەی کردبوو کە "تەنگەی هۆرمز دانەخراوە" و وەستانی کەشتییەکان بەهۆی ترسی کۆمپانیاکانی بیمەیە نەک داخستنی لەلایەن ئێرانەوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن پێوەندیە گشتیەکانی سوپای پاسدارانەوە بڵاوکراوەتەوە، هەموو هاتوچۆی کەشتییەکان کە لە ووڵاتانی کەنداوسەرچاوە ئەگرن یان بەرەو ئەو وڵاتانە ئەڕۆن کە بە "هاوپەیمانانی دوژمن" ناویان دەبات، لە هەموو ڕێڕەوێکدا قەدەغە کراوە.

سوپا بانگەشەی کردووە کە سێ کەشتی کانتێنێر کە ویستیان لەم تەنگە نێودەوڵەتییە تێپەڕن، بە ئاگادارکردنەوەی سەربازی گەڕێندراونەتەوە. هێزی دەریایی سوپا بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە "تەنگەی هورمز داخراوە" و هەر جۆرە هاتوچۆیەک لەم تەنگەیەدا بەرەوڕووی "بەرەنگاریی توند" دەبێتەوە.

داخستنی تەنگەی هورمۆز یان قەدەغەکردنی هاتوچۆی ئازاد لەم تەنگە نێودەوڵەتییە پێشێلکارییەکی ڕوونە بۆ کۆنفرانسی یاسای دەریایی نێودەوڵەتی (UNCLOS) کە بەپێی ئەم کۆنفرانسە تەنگەی هۆرمز وەک "تەنگەی نێودەوڵەتی" دادەنرێت و مافی "تێپەڕینی ئاشتیانە" بۆ هەموو کەشتییەکانی جیهان پارێزراوە تیایدا.

هەروەها بە پێی ئەم کۆنفرانسە، هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت بە شێوەیەکی یەکلایەنە ئەم مافە سنووردار بکات یان قەدەغەی بکات، جگە لە حاڵەتەکانی بەرگریی ڕەوا و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی کە ئەویش نابێت گشتی بێت. قەدەغەکردنی هاتوچۆ بە شێوەیەکی گشتی یان بە بنەمای "هاوپەیمانانی دوژمن" پێشێلکارییە بۆ ئازادیی گەشت و بازرگانی نێودەوڵەتی.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، شەوی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس نیوز ڕایگەیاند کە هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامی "بە تەواوی لە کار کەوتووە" و ئەمەریکا تا ئێستا 154 کەشتیی ئێرانیی لەناو بردووە. ترامپ ئەم هەنگاوانەی بە "خزمەتێک بە جیهان" وەسف کرد بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەمەریکا و بازرگانیی نێودەوڵەتی.

XS
SM
MD
LG