باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق ڕادەگەیەنێت، چەکدارە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران، هێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر هاووڵاتیانی ئەمەریکایی و ئامانجە پەیوەندیدارەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری عێراق و لە هەرێمی کوردستانیش ئەنجام داوە. لەبەر ئەم هۆکارانەس داوا دەکات هاووڵاتیانی ئەمەریکایی "دەستبەجێ" لە عێراق دەربچن.
باڵێۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق ڕۆژی پێنجشەممە ڕایشیگەیاند، سەرەڕای ئەوەی نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا کراوە دەبن، بەڵام بەهۆی هەڕەشەی ئاسایشییەوە "نابێت هاووڵاتییان بۆ هیچ کارێک ڕوو لە باڵیۆزخانە لە بەغدا یان کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر بکەن."
ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە لەوەی گرووپەکانی سەر بە ئێران مەترسییەکی بەرچاو بۆ سەر سەلامەتی گشتی لە ئێراقدا دروست دەکەن و هۆشداریش دەدات ڕەنگە ئەو گرووپانە "هەوڵی ڕفاندنی ئەمەریکاییەکان بدەن." دەشڵێت "مەترسی توندی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی عێراق بەردەوامە" بۆیە دەڵێت ئەو هاووڵاتیە ئەمەریکاییانەی کە بڕیار دەدەن لە عێراق بمێننەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکی زۆر دەبنەوە.
فەرمانی دەرچوونی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی لە عێراق لە کاتێکدایە کە ئاسمانی عێراق داخراوە و گەشتە بازرگانییەکان لە عێراقەوە بەردەست نین. بەڵام باڵیۆزخانەکە چەند بژاردەیەکی ڕێگای وشکانی پێشنیاز کردووە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت دەرچن، ئەوەش لە ڕێگەی ئوردن، کوەیت، عەرەبستانی سعودیە و تورکیاوە.