Accessibility links

ترامپ: ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی نەک هەر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو بۆ ئەمەریکاش دەبوو بە مەترسی

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا شەوی چوارشەممە لە وتارێکدا لە واشنتن ڕایگەیاند ئەوەی کە دەبوو بیکەین لەناوبردنی شێرپەنجەکە [کۆماری ئیسلامی] بوو. گوتیشی " کۆماری ئیسلامی خاوەن چەکی ناوکی دەبوو لەناو ببرێت. و ئێستا بە تەواوەتی لەناوی دەبەین." گوتیشی ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی نەک هەر تەنها بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو هەڕەشەی لە ئەمەریکاش دەکرد.

بەڕێز ترامپ شەڕی لەگەڵ ڕژێمی ئێران بە "ئۆپەراسیۆنی سەربازی" و "گەشتێک بۆ دۆزەخ" و "شوێنێکی ترسناک" ناوبرد.

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە دەبوو لە 47 ساڵی ڕابردوودا شتێک لە بارەی کۆماری ئیسلامی ئێران بکردرایە و "سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکاش دەبوو کارێکیان بکردبایە."

گوتی "زۆرێکیان وتوویانە خواستی ئەنجامدانی ئەو کارەیان هەبوو بەڵام، ئەوەندە بوێر نەبوون. هیچ بژاردەیەکیان نەبوو. من پێموابوو زۆر خراپتر دەبوو، پێموابوو نرخی وزە و نەوت بەرزتر دەبێتەوە، پێموابوو بازاڕی بۆرسە کەمێک زیاتر دادەبەزی، بەڵام بەلامەوە گرنگ نەبوو. ئەمانە پرسگەلێکی کورتخایەنن، ئەوەی دەبوو بیکەین، لەناوبردنی شێرپەنجەکە بوو، ناچار بووین شێرپەنجەکە ببڕین."

بەڕێز ترامپ ڕەخنەی لە "هەواڵی ساختە"ی میدیاکان سەبارەت بە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی گرت و گوتئ "ئەگەر گوێ لە هەواڵەکان بگرن، پێتان وایە ئێمە شەڕ لە ئێراندا دەدۆڕێین". ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا سەرقاڵی لەناوبردنی کۆماری ئیسلامییە. بەڕێز ترامپ وتی کۆماری ئیسلامی هێزی دەریایی لەناو چووە.

سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا خاوەنی باشترین سوپایە لە جیهاندا و کەس ناتوانێت هاوتای بێت. ئاماژەی بەوەشکرد، لە خولی یەکەمی خۆیدا سوپای ئەمەریکای ئاوەدانکردەوە و پێی وا نەبوو ئەوەندە پێویستیان پێی بێت.

سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەی شەوی چوارشەممەی لە بۆنەیەکی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کۆمیتەی نیشتمانی کۆمارییەکانی کۆنگرێس، بە ئاماژەدان بەوەی کە بازاڕی بۆرسە بە باشی بەڕێوەدەچوو و بڕیاریدا هەنگاو بەرامبەر کۆماری ئیسلامی بگرێتەبەر، ڕایگەیاند "گوتم دەبێت شتێک لەبارەی [کۆماری ئیسلامی] ئێرانەوە بکەین، چونکە ئەوان (بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی) زۆر بە زوویی چەکی ئەتۆمییان دەبێت و شێتن. ئەوان شێتن. ئەوان لە مێشکیان لەدەستداوە و دەبێت ئێمە ڕێگرییان لێبکەین".

بەڕێز ترامپ وتی دەبوو ئەمەریکا کۆماری ئیسلامی بوەستێنێت و ئەگەر کۆماری ئیسلامی چەکی ئەتۆمی دەستکەوتبا، نەک هەر دەبووە هەڕەشە بۆسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو دەبوو بە هەڕەشە بۆ سەر ئەمەریکاش.

بەڕێز ترەمپ ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشیویش کرد لە ساڵی ڕابردوودا و گوتی ئۆپەراسیۆنەکە توانای ئەتۆمی ئێرانی لەناوبرد "و ئەگەر ئەو هێرشە ئەنجام نەدرابا، ئێران لە ماوەی دوو بۆ چوار هەفتەدا دوای هێرشەکە چەکی ئەتۆمی دەبوو. بەڵام ئێمە لێماندا و شوێنەکەمان بە تەواوی لەناوبرد."

ئاماژەی بەوەشکرد، " کوشتنی (قاسم) سولەیمانی (فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسداران) زۆر گرنگ بوو، ئەو کەسێکی خراپ بوو، بەڵام لەناوبردنی شتێکی گەورە بوو. لە خولی یەکەممدا سولەیمانیمان لەناوبرد، هەرگیز سەرکردەیەکیان نەبووە هاوتای ئەو بێت، ئەو کەسێکی خراپ بوو، بەڵام سەرکردەیەکی ڕاستەقینە و ژەنەراڵێکی زۆر توند بوو."

سەۆرک ترامپ گوتیشی نەمانی سولەیمانی وایکردووە ئۆپەراسیۆنی بەردەوامی ئەمەریکا دژی کۆماری ئیسلامی باشتر بەڕێوە بچێت.

XS
SM
MD
LG