سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سوپاسی تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا دەکات بۆ هاوخەمی دەربڕینی بەرامبەر بە کوژرانی شەش پێشمەرگە.
بارزانی لە هەژماری تایبەتی تۆڕی ئێکسی ڕایگەیاند پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ تۆم باراک ئەنجام داوە و گوتی باراک "سەرەخۆشیی خۆیانی پێگەیاندین بۆ شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی قارەمان و هاوخەمیی لەگەڵماندا."
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایشیگەیاند "هاوبەشیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لەم کاتە هەستیارەدا بەرز دەنرخێنین و چاومان لە بەردەوامیدانە بە گفتوگۆکانمان."
بەرەبەیانی سێشەممە هێرشێکی مووشەکی بالیستیک بۆ سەر بنکەیەکی پێشمەرگە لە قەزای سۆران ئەنجام درا و تیایدا شەش پێشمەرگە کوژران و 30ی دیکەش بریندار بوون.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو هێرشەی بە "تیرۆریستی" ناودێر کرد و ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی ئەو هێرشانە ڕابگرێت.
ڕۆژی چوارشەممە لە دەمی بەشداری کردن لە پرسەی پێشمەرگەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند هەر پاش ڕووداوەکە پەیوەندییان بە کۆماری ئیسلامییەوە کردووە و گوتی، " ئەوان دان بەوەدا دەنێن كە هەڵەیەک كراوە و بەڵێنی ئەوەیان داوە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە بكەن. هاوخهمى و پەیامی سەرەخۆشییان بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە. ئێستا چاوەڕوانی ئەوەین بزانین وەڵامی كۆماری ئیسلامیی ئێران چى دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان."
سەرۆکی هەرێم سەبارەت بە بەرپرسیاريهتیی حكومەتی عێراق بهرامبهر بهو هێرشانهى کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "پێویستە حكومەتی عێراق دەسەڵاتەكانی بەكاربهێنێت وەک وڵاتێكی خاوەن سەروەری. سەرەتا پێویستە ئەو هێرشانە ڕابگیرێن، ئهوانهى (گرووپە) لەیاسادەرچووهكان دەيكهنە سەر هەرێمی كوردستان. ئەمە ئەركێكی حكومەتی فیدراڵی عێراقە كە پێویستە جێبەجێی بكات".
لەوەتای ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی دژ بە کۆماریی ئیسلامی دەستیپێکردووە، ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانی نزیکەی ڕۆژانە هێرشی درۆنی و مووشەکی دەکەنە سەر وڵاتانی ناوچەکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە.