لە کاتێکدا کە ئێران و وڵاتانی ناوچەکە خۆیان بۆ پێشوازی لە جەژنی نەورۆز ئامادە دەکەن، ڕێکخراوی نێت بلۆکس بۆ چاودێری ئازادیی هێلی ئینتەرنێت ڕایگەیاندووە کە هاوڵاتیانی ئێران لە "تاریکی دیجیتاڵدا” دەژین، ئەمەش بە هۆی پچڕاندنی گشتیی ئینتەرنێتەوە لەلایەن ڕژێمی ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە، ئەم دابڕانە لە ئینتەرنێت ئێستا گەیشتووەتە 21 ڕۆژ، کە بە درێژترین ماوەی پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت لە مێژووی ئەو وڵاتە دادەنرێت.
حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت پچڕاندنی هێڵی ئینتەرنێت لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی ڕژێم و پێشێلکارییەکی ڕوونی مافەکانی خەڵکی ئێرانە.
هەروەها، نێت بلۆکس ئاماژەی بەوە کردووە کە پچڕانی ئەمجارە سنووری پچڕانەکانی پێشوی تێپەڕ کردووە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی 12دا ڕووی دا.
نەورۆز لە ئێراندا دەسپێکی ساڵی فەرمیی ئەو وولاتەیە. لە کاتێکدا کورد لە ساڵی 2026 دەچێتە ساڵی 2726ەوە، لە ئێران کە ساڵی کۆچیی هەتاوییە ئەم نەورۆزە دەسپێکی ساڵی 1405 دەبێت.