Accessibility links

ئۆکراینا 228 پسپۆڕی دژە درۆن دەنێرێتە ڕۆژهەڵاتی ناوین

سەرۆکی ئۆکراینا ڕایگەیاند وڵاتەکەی 228 پسپۆڕی ناردووە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی یارمەتیدانی وڵاتانی ناوچەکە لە بەرگری دژی هێرشی درۆنەکانی ئێران.

سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلادیمێر زێڵینسکی، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریی سەربازی و تەکنیکی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و واژۆکردنی "ڕێککەوتنێکی ڕژد."

زێڵینسکی لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی دا بەوەی تیمە شارەزاکانی دەستیان کردووە بە کارکردن لەگەڵ پێنج وڵاتی ناوچەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی درۆنی "شاهێدی" ئێران و داواکاری زیاتریشیان بەدەست گەیشتووە.

ڕایگەیاند، "هێرشە ترسناکەکانی ڕژێمی ئێران بە درۆن و مووشەک لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا شاری ئارام و ژێرخان و خەڵکییان کردووەتە ئامانج."

جگە لە وڵاتانی ناوچەکە، زێڵینسکی دەڵێت ئەمەریکا و هاوبەشە ئەوروپاییەکانیش داوای هاوکارییان لەم بارەوە پێشکەش کردووە."

لە هەمان کاتدا، ئەو گوتی گرووپی کارە هاوبەشەکانی ئۆکراینا و ئەمەریکا درێژە بە کارەکانیان دەدەن بۆ ئامادەکردنی بەڵگەنامە دوولایەنەکانی نێوان کێیڤ و واشنگتن.

بە گوێرەی سەرۆکی ئۆکراینا، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت کە لە کۆبوونەوەیەکدا کۆتایی ئەم هەفتەیە لە ئەمەریکا تاووتوێی ڕێککەوتنێکی فراوان بکرێت لە نێوان واشنتن و ئۆکراینا لە پرسی درۆن و تەکنەلۆجیای پەیوەندیدار.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا دێت کە لەم چەند هەفتەی رابردووە دا ئێران چەندین هێرشی درۆنی کردووەتە سەر وڵاتانی ناوچەکە.

XS
SM
MD
LG