Accessibility links

نەتانیاهو: ئیسرائیل نزیکە لەوەی ببێت بە زلهێزێکی جیهانی

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەبۆنەی ڕاگەیاندنی کوشتنی عەلی لاریجانی وتارێکی پێشکەش بە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد و گوتی دەوڵەتی ئیسرائیل ئیتر بووتە "هێزێک کە ناتوانرێت لەبەرچاو نەگیرێت."

بنیامین نەتانیاهو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، "خەریکین وەرچەرخانێکی مێژوویی بەدەست دەهێنین. بە یارمەتی خودا، گەیشتووینەتە ئاستێک دوای 7ی ئۆکتۆبەر، کاتێک کە لە لێواری تاریکیدا بووین، ئێستا هێزێکی گەورەین کە ناکرێت لەبەرچاو نەگیرێین، نزیکین لە زلهێزێکی جیهانی، شان بە شان لەگەڵ هاوڕێکەمان، زلهێزە جیهانییەکە [ئەمەریکا] شەڕ دەکەین."

نەتانیاهو ئاماژەی دا کە بەیانی سێشەممە سوپای ئیسرائیل عەلی لاریجانی لەناوبرد و گوتی "سوپرایزی تریش بەڕێوەیە."

وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ئەمڕۆ پشتڕاستیکردەوە عەلی لاریجانی، سکرتێری باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، و غوڵامڕەزا سولەیمانی، فەرماندەی گشتی بەسیجی ئێران، هەردووکیان کوژراون.

نەتانیاهو ئەم کردەیەی بە گورزێکی کوشندە وێنا کرد دژ بە سوپای پاسداران کە لە بنەڕەتدا حوکمی ئێران دەکات.


ڕایگەیاند، "ئێمە ئەو ڕێژیمە لاواز دەکەین بەو هیوایەی دەرفەت بە خەڵک لە ئێران بدەین بۆ لابردنی. ئەمە بە یەکجار ڕوونادات و بە ئاسانییش ڕوونادات. بەڵام ئەگەر بەردەوام بین، ئەوا دەرفەتیان پێدەدەین کە چارەنووسی خۆیان بخەنە دەستی خۆیان."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتیانی ئیسرائیل کرد ئیرادەیان بەهێز بێت و بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتیانی دا لەو زیانانەی بەهۆی شەڕەکەوە دووچاری بوون.

نەتانیاهو گوتی، "گرنگترین شت بۆ سەرکەوتن لە شەڕدا ئیرادەیە: ئیرادە، ئیرادە، ئیرادە، ئیرادەی سەرکردەکان و ئیرادەی فەرماندەکان و ئیرادەی گەل. ئێمە بڕیارمان داوە سەرکەوتن بەدەست بهێنین و بەو ئامانجانە دەگەین."

XS
SM
MD
LG