بەهۆی ئەوەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێی و بەبارمتەگرتنی بەشێکی بەرچاو لە وزەی جیهان، چاودێران دەڵێن ئەگەری بەهێز هەیە کە چەندین وڵات ڕاستەوخۆ بێنە پاڵ هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ سنوردارکردنی کردارە دوژمنکارییەکانی ڕژێمی ئێران.
هەندێک لە چاودێران دەڵێن ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ڕژێمی ئێران بۆ وڵاتە عەرەبە سوننەکان بایەخی تایبەتی هەیە، بۆیەش ئامادە دەبن دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەکە قەرەبووی خەرجییەکانی ئەمەریکا بکەنەوە.
جەعفەر حامیدی، سیاسەتمداری کورد و مامۆستای پێشوو لە زانکۆی زانستەکانی ژیان لە نۆروێژ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وڵاتانی کەنداو ئەوەیان بۆ ڕوونبووەتەوە کە ئێران هەر لە بنەڕەتدا دۆستیان نەبووە. ئەوەتا دەبینین چۆن هێرش بۆ سەر هەموویان دەبات، لە نێویاندا هێرش بۆ سەر عومان و قەتەر. بۆیە، عەڕەبەکانی کەنداو، سوننەکان، پشتی ئەو شەڕە دەگرن و پاش شەڕیش وابزانم ئامادە ببن خەرجی شەڕەکە بدەنەوە بە ئەمەریکا."
ڕژێمی ئێران لە ماوەی 16 ڕۆژی ڕابردوودا هەزاران هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر وڵاتانی دراوسێی، کە بوونەتە هۆی زیانی گیانی و وێرانکردنی ژێرخانی مەدەنی و ئابووری وڵاتان. ڕژێم هەروەها لە ناوچەکەدا زۆربەی چالاکی گواستنەوەی نەوتی لە ڕێگەی گەرووی هورموزدا وەستاندووە و هەڕەشەی بەئامانجگرتنی کەشتییەکان دەکات.
سەرۆک دۆناڵد ترامپ دووشەمە هانی وڵاتانی دا، لە نێوانیان وڵاتانی هاوپەیمان و چین، کە بەشداری لە هەوڵەکانی ئەمەریکا بکەن بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی کەشتییەکانی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمزەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا ئەو هەنگاوەی بە گرنگ دانا، چونکە ئەو وڵاتانە زیاتر لە ئەمەریکا پێویستیان بەو ڕێڕەوە هەیە.
ترامپ ڕایگەیاند، "وڵاتانێکی زۆر پێیان گوتووم کە لە ڕێگاوەن بۆ ئەم مەبەستە...ئەوان دەستیان کردووە بە ڕۆیشتن بەرەوە [گەرووی هورموز]."
سەرۆکی ئەمەریکا بە دیاریکراوی ئاماژەی بە هیچ کامێک لەو وڵاتانە نەدا کە ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاری لە دابینکردنی ڕێڕەوێکی ئارام لە گەرووی هورموز، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی ئاسیای دوور، وەک چین و ژاپۆن و کۆریای باشور، بە ڕێژەیەکی زۆر پشتدەبەستن بە نەوتی ئەم ناوچەیە، بۆیەش هانیان دەدات بەشدار بن لە دابینکردنی ڕێڕەوی سەلامەتی بۆ کەشتییەکان.
ئیدارەی ترامپ چاوەڕوانی ئەوە دەکات لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی چاودێری پەڕینەوەی کەشتییە بازرگانییەکان لەلایەن هێزی دەریایی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەم ڕێگایەدا زیاد بکات.
سەرۆک ترامپ سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی هاوپەیمان، ڕایگەیاند "وڵاتانێکی" زۆر ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بەشداری ئەو کردە هاوبەشە بکەن. بەڵام ڕەخنەی لە هەندێک وڵات گرت، لە نێوانیان بەریتانیا، بەوەی "زۆر بەپەرۆشەوە" وەڵامی بیرۆکەکەیان نەداوەتەوە.
بە گوێرەی ئاژانسی ئەسۆشیەتدپرێس، سەرۆک وەزیری بەریتانیا کییەر ستارمەر، دووشەمە ڕایگەیاندووە حکومەتی وڵاتەکەی بە مەبەستی کردنەوەی سەر لە نوێی تەنگەی هورموز لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کار دەکات بۆ گەیشتن بە پلانێکی "گونجاو".
سەبارەت بە هەڵوێستی فەرەنسا و سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند پێی وایە فەرەنسا پشتگیری لەو بیرۆکەیە بکات و وتی "لە پێوانەی 10 پلە، ژمارە 8 دەدەم بە ئیمانوێل."
سیاسەتمدار دکتۆر جەعفەر حامیدی پێی وایە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەوروپا سەرۆکی ئەمەریکایان خستووەتە "دۆخێکی نالەبارەوە،" چونکە لە سەردەمی شەڕی ئوکڕایناوە هەتا ئێستا بۆ دووهەم جار سیاسەتی "وشتر مریشک" دەگرنەبەر، بەو واتایەی گرفتەکان لەبەرچاو ناگرن و خۆیانی لێ لادەدەن یان جاری واش هەیە وای دەنوێنن کە گرفتەکان هەر بوونیان نییە و گرنگ نین."
بە بۆچوونی چالاکوانی سیاسی ڕەزا ئەمینی، ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ پاراستنی تەنگەی هورموز لە جێی خۆیدایە.
ڕەزا ئەمینی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ڕژیمی ئێران، بێ گوێدانە یاسا نێونەتەوەییەکان، لەو چەند ڕۆژەدا ئاسایشی دەریایی ئەو ناوچەیەی شڵەژاندووە و ئەوەش کاریگەری نەرێنی داناوە لە سەر چوونەسەری نرخی نەوت و گازی شل."
ئەو چالاکوانە هەروەها دەڵێت، "ئەگەرچی بەشێک لە وڵاتەکانی ناوچەی کەنداو و جیهان هەتا ئێستا خۆیان بواردووە، بەڵام ئیتر ناچارن پەیوەست ببن بە هاوپەیمانێتییەکی ڕێکخراو لە گەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بە گەلەکۆمەکی بەر بە لاسارییەکانی دەوڵەتی تاراندا بگرن هەتا چیتر بە سەر جیهاندا زۆرداری نەسەپێنێت."
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕژێمی ئێران 28ی مانگی ڕابردوو دەستیانپێکرد. لەو کاتەوە عەلی خامنەیی و زۆربەی بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە لەناو چوون و، بە گوێرەی سەرۆکی ترامپ، هێزی سەربازی ڕژێم وێران بووە.
سیاسەتوان جەعفەر حامیدی دەڵێت، لەگەڵ بەردەوامی شەڕەکە و هەوڵی ڕژێمی ئێران و بریکارەکانی لە لوبنان، عێڕاق، یەمەن، و ناوچەکانی فەلەستین بۆ درێژەپێدانی توندوتیژی، ئەگەری ئەوە هەیە وڵاتانی تریش بێنە پاڵ ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکاوە.
جەعفەر حامیدی ڕایگەیاند، "ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێت، ئەوروپاش دێتە ناوی و کەنداوییەکانیش زیاتر سوپاسگوزاری ئەمەریکا دەبن بۆ لە کۆڵکردنەوەی ئەو بەڵایە کە ناوی رژێمی ئاخوندییە."
چالاکوانی سیاسی ڕەزا ئەمینی لە گەڵ ئەو بۆچوونە کۆکە و دەڵیت داواکەی سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەیە کە وڵاتەکان خۆیان بە ئەرکدار بزانن و "ئەمەش بە واتای قبووڵکردنی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی دێت و بۆ بەرژەوەندیی هەموو جیهان پێناسە هەڵدەگرێت. لە ڕوویەکی تریشەوە دەستی دەوڵەت و لایەنە تیرۆرستەکانی وەک ئێران لە دەستبردنیان بۆ بابەتە یاساغەکان کورت دەکاتەوە."