Accessibility links

پەیامی فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان سەبارەت بە هاوپەیمانی حزبەکانی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانی حزبە کوردییەکان
هاوپەیمانی حزبە کوردییەکان

فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان لە پەیامێکدا پێشوازی لە پێکهێنانی هاوپەیمانی شەش حزبی کوردستانی ئێران دەکات و بە هەنگاوێکی گرنگ ناودێری دەکات لەپێناو یەکگرتنی هێزەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی.

لە پەیامەکەی فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان کە بە بۆنەی ڕاگەیاندنی ئەم هاوپەیمانییە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات کە هاوکاریی چەند بزووتنەوەیەکی سیاسی لە کوردستان بە پاشخان و تێڕوانینی جیاواز ئاماژەیە بۆ هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی پارچەپارچەبوون و هەنگاونان بەرەو هاوکاریی سیاسی لە داکۆکیکردن لە مافە دیموکراتیکییەکانی خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران.

بەگوێرەی پەیامەکەی فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان، لە دۆخێکدا کە ساڵانێکە هێزە سیاسییەکانی ئێران ڕووبەڕووی ناکۆکی و پارچەپارچەبوون بوونەتەوە، پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی لەو شێوەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پێویستی یەکڕیزی بۆ گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دیموکراسی زیاتر لە جاران هەست پێدەکرێت. پەیامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەزموونی مێژوویی ئەوەش نیشان دەدات کە بەبێ هاوکاریی هێزە پێشکەوتنخوازەکان و دیموکراتەکان، گواستنەوە لە ستەمکاری و دامەزراندنی سیستەمێکی جەماوەری لە ئێران ڕووبەڕووی ئاستەنگیی جیددی دەبێتەوە.

لە درێژەی ئەو پەیامەدا بە ئاماژەدان بە پرسی نەتەوەیی لە ئێراندا هاتووە کە ئەم پرسە واقیعێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە کە نە تەنیا بە هۆی سیاسەتی ناوەندگەرایی حکوومەتە پاوانخوازەکان چ لە سەردەمی پەهلەوی و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵکو بە هۆی سەرکوتکردن و ئینکاری ناسنامەی نەتەوەیی زیاتر ئاڵۆزتر بووە. بەم پێیە ئەو داخوازییە نەتەوەیی و دیموکراسیانەی کە لەلایەن هێزە سیاسییەکانی کوردستانەوە خراونەتەڕوو، بە بەشێک لە خەباتێکی فراوانتر بۆ ئازادی و یەکسانی لە سەرتاسەری ئێران دادەنرێت.

لە هەمان کاتدا فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەدیهاتنی ئەو داواکاریانە لە چوارچێوەی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران و دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیکدا مومکینە؛ سیستەمێک کە تێیدا مافی هەموو نەتەوە و زمان و کولتوور و ئایینەکانی وڵات دانی پێدابنرێت و پێکهاتەی دەسەڵات لەسەر بنەمای بەشداریی یەکسان و دیموکراسی پێکبهێنرێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هۆشداری دەدرێت لە هەوڵی هەندێک لایەن و تاک بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتنی هەڵە و ناکۆکی نێوان گەلانی ئێران. لە پەیامەکەدا هاتووە ئەم جۆرە هەوڵانە ناتوانن پەیوەندی مێژوویی نێوان خەڵکی ئازەربایجان و کوردستان لاواز بکەن، پەیوەندییەک کە ڕەگ و ڕیشەی لە مێژووی خەباتە ئازادیخوازەکانی ئێراندا هەیە.

ئەو ڕێکخراوە سیاسییە هەروەها ئاماژەی بە ئەزموونی هاوکاریی مێژوویی نێوان فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان و حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و بە نموونەیەکی گرینگی هاوپشتی هێزە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی ئەو وڵاتە لە قەڵەم دا.

لە کۆتایی پەیامەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە ئایندەی ئێران بە یەکگرتن و هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی گەلانی وڵات و لەسەر بنەمای یەکسانی یاسایی، دێموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدی دێت. فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان پێکهێنانی هاوپەیمانی شەش حزبی کوردستانی ئێرانی بە هەنگاوێکی ئەرێنی بەرەو پتەوکردنی لێکنزیکبوونەوەی هێزە نەتەوەیی و دێموکراتەکان هەڵسەنگاند و هیوای دەربڕی کە ئەم پرۆسەیە ببێتە هۆی پێکهێنانی بەرەیەکی فراوان بۆ ئازادی، دێموکراسی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی یەکپارچەیی ئێران.

XS
SM
MD
LG