Accessibility links

مەسعود بارزانی: ئەم هێرشانە شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییەكی ئاشكرایە بۆ سەر مافی هاووڵاتیان

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا باس لە ڕووداوەکانی ئەم دواییانە و هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە کێشەکان بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێت.

بارزانی کە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە، لە پەیامەکەی ڕۆژی شەممەیدا تیشک دەخاتە سەر فەرهەندی ئاشتیخوازی و پێکەوەژیانی گەلی کورد و دەڵێت هیچ کات لەگەڵ شەڕدا نەبوون تەنها بەرگریان لە خۆیان و مافەکانیان کردووە.

هاوکاتی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا و بەئامانج گرتنی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێران و بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەکە، بارزانی دەڵێت "ئێستا و پێشتریش هەردەم هیوامان ئەوە بووە كە هەرچی گرفت و كێشە هەیە لە ڕێگەی ئاشتیانەوە چارەسەر بكرێت، چونكە هەمیشە شەڕ مایەی كاولكاری و ماڵوێرانییه‌."

لەگەڵ ئەمەشدا پێی وایە "جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە هەندێ گرووپ و لایەن لەژێر ناوی موقاوەمە و بە بیانوو و دروشمی بێ بنەما؛ ڕێگە بە خۆیان دەدەن پەلاماری شوێنی سڤیل و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بنكە و بارەگاكانی پێشمەرگە دەدەن. ئەمە شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییەكی ئاشكرایە بۆ سەر مافی هاووڵاتیان و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان."

هۆشداریش دەدات " پێشمەرگە هەرگیز زوڵم و زۆری لە هیچ لایەنێك قبووڵ نەكردووە، ناكرێ و نابێ ئەو شەڕفرۆشتنە و تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هاووڵاتیان لەلایەن ئەو گرووپانەوه‌ بەردەوام بێت."

داواش لە لە حكومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان "بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی" دەکات هەوڵێکی ڕاستەقینە بدەن بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە."

ڕۆژی 28 ی مانگی دوو ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران دەستیپێکرد بە مەبەستی ڕێگری کردن لە ڕەفتارە شەڕانگێزەکانی ئێران لە ناوچەکە و سنووردارکردنی تواناکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەکی.

لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێکی زۆر لە سەرکردە باڵاکانی ئێران کوژران بە ڕێبەری باڵای وڵاتەکە ئایەتوڵا عەلی خامنەییشەوە. سوپای ئەمەریکاش ڕایگەیاند، هێزی دەریایی ئێران لە ناو براوە.

ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانیشی لە بەرامبەردا سەدان هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردووەتە سەر وڵاتانی ناوچەکە لە ناویاندا هەرێمی کوردستانیش. شەوی شەممە لە ئەنجامی ئەو هێرشانە سێ کەس گیانیان لەدەستدا.

XS
SM
MD
LG