Accessibility links

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و کوەیت تاوتوێی ڕەوشی ناوچەکە دەکەن

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند پەیەوەندییەکی تەلەفۆنی، لەگەڵ شێخ ئەحمەد عەبدوڵا ئەلسەباح، سەرۆک وەزیرانی کوەیت ئەنجام داوە.

بارزانی لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت لەو گفتوگۆیەدا "دۆخی گشتیی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکان" تاوتوێ کراوە هەروەها نیگەرانی قوڵیشیان لەسەر"هێرش و گرژییەکان دەربڕی."

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت لە گفتوگۆکەدا"جەختمان لە پێویستیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە."

ئەم گفتوگۆیە لە کاتێکدایە لەوەتای ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران دەستی پێکردووە ئێران هێرشی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە چڕکردووەتەوە، لە ناویاندا هەرێمی کوردستانیش.

ڕۆژی 28 ی مانگی دوو ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران دەستیپێکرد بە مەبەستی ڕێگری کردن لە ڕەفتارە شەڕانگێزەکانی ئێران لە ناوچەکە و سنووردارکردنی تواناکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەکی.

لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێکی زۆر لە سەرکردە باڵاکانی ئێران کوژران بە ڕێبەری باڵای وڵاتەکە ئایەتوڵا عەلی خامنەییشەوە. سوپای ئەمەریکاش ڕایگەیاند، هێزی دەریایی ئێران لە ناو براوە.

XS
SM
MD
LG