Accessibility links

دەیان ئەندامی سوپای پاسداران لە ترسی هێرشەکانی ئیسرائیل لە لوبنان هەڵدێن

هاوکاتی چڕبوونەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل دژ بە گروپی حزبوڵای سەر بە ئێران لە لوبنان، ڕاپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن کە لە 48 کاتژمێری ڕابردوودا دەیان ئەندامی پاسداران لەترسی بە ئامانجگرتنیان لەلایەن ئیسرائیلەوە لوبنانیان بەجێهێشتووە.

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممەی پەیامی دوا مۆڵەتی دا بە نوێنەرانی ڕژێمی ئێران کە هێشتا لە لوبناندان و هۆشداریی دا ئەگەر لەماوەی 24 کاتژمێردا وڵاتەکە بەجێنەهێڵن، "لە هەر شوێنێک بدۆزرێنەوە دەکرێنە ئامانج."

ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە بەرپرسانی بەرگری ئیسرائیلی زانیوە کە دەیان ئەندامی سوپای پاسداران لە دوای هۆشدارییەکەوە لوبنانیان بەجێهێشتووە.

ئاکسیۆس دەڵێت هەندێک لەو ئێرانیانەی لوبنانیان بەجێهێشتووە لە باڵیۆزخانەی ئێران لە بەیروت کاریان دەکرد.

دەشڵێت بەشێکی کەم لە ئەندامانی پاسداران ماونەتەوە بۆ بەڕێوەبردنی سوپای قودس و بەردەوامی هاریکاری لەگەڵ حزبوڵادا.

بەرپرسێکی بەرگری ئیسرائیل پێشبینی کردووە هەڵاتنی سوپای پاسداران لە لوبنانەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەردەوام بێت.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل پێشڕەوی زیاتری کردووە بۆ ناو خاکی باشووری لوبنان و ژمارەیەکی زۆر لە کەرەستەی سەربازی لە سنورەکان کۆکراونەتەوە وەک ئامادەکاری بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی فراوان.

ڕۆژی پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتوانی ناوچەکانی باشووری بەیروت کرد ئەو هەرێمە چۆڵ بکەن.

لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا دەیان هەزار هاووڵاتی مەدەنی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە لە باشوری لوبنان کە بە قەڵای حزبوڵا ناسراوە.

XS
SM
MD
LG