Accessibility links

یادی ڕاپەڕین و پەیامی بەرپرسان

ئەمڕۆ پێنجشەممە 35 ساڵ بەسەر یادی ڕاپەڕینی هەرێمی کوردستان دژ بە ڕژێمی بەعس تێپەڕ دەبێت، ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991 لە شاری ڕانیە دەستیپێکرد و سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە یادی 35 ساڵەی ڕاپەڕین، جەخت لە " ئاشتی و ئارامی" بۆ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و پیرۆزبایی خۆی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و تەواوی کوردستانییان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەکات.

بارزانی هەروەها دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان " فاکتەرێکی سەرەکی ئارامی و ئاشتی دەبێت و نابێته‌ بەشێک لە هیچ ململانێ و پەرەسەندنێکی سەربازی کە زیان بە ژیان و ئاسایشی هاووڵاتییانمان بگەیەنێت."

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕاپەڕین بە یەکڕیزی هێز و پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان وەسف دەکات و دەڵێت" ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر یەکڕیزی گەورەترین هێزی ئێمەیە و پێویستە بەردەوام بین لە پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکانمان."

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یادی ڕاپەڕیندا جەخت لە" ئاشتی و یەکڕیزی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین دەکاتەوە"

لە هەمانکاتدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ڕاپەڕینی بە شانازییەک بۆ هەموو تاکێکی کوردستانی ڕاگەیاند و گوتی "ڕاپەڕین بەرهەم و درێژكراوەی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەكانی كوردستان بوو. ئەو ڕووداوە پڕ لە شانازییە بۆ تاک بە تاكی كوردستانیان لە ئێستا و داهاتوودا هەڵگری پەیامی خۆبەدەستەوەنەدان و ئازادیخوازی و ئیرادەی ژیانی سەربەرزانەیە."

یادی 35 ساڵەی ڕاپەڕینی دژ بە ڕژێمی بەعس، لە کاتێکدایە ئۆپەراسیۆنی 'توڕەیی ئەفسانەیی' ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران دەستیپێکردووە. هەرێمی کوردستان بووەتە ئامانجی دەیان مووشەک و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەکەدا.

بارزانی گوتیشی "ئێستا ناوچەكەمان بە بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆز و هەستیاردا تێدەپەڕێت و هیوادارین كە هەرچی كێشە و ناكۆكی لە ناوچەكەدا هەیە بە ڕێگەی ئاشتیانە بگاتە ئەنجام و چارەسەر. ئێمەش ئەوەی لە دەستمان بێت دەیكەین بۆ ئەوەی كوردستان لە شەڕ و نەهامەتی و ناخۆشی دوور بێت و پارێزراو بێت."


XS
SM
MD
LG