کۆمیسیۆنی ئەمەریکا بۆ ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی دەڵێت لە سوریا ئیدارەی خۆسەر بە سەرۆکایەتی کورد توانیویەتی بەردەوامی بدات بە مۆدێلێکی فرەئاینی بەڕێوەبردن، لە کاتێکدا تورکیا هەوڵی تێکدانی سەقامگیری ئازادی ئاینی دەدات.
کۆمیسیۆنی ئەمەریکا بۆ ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی ڕۆژی چوارشەممە راپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە کە تایبەتە بە ئازادی ئاینی لە سەرانسەری جیهاندا.
سەبارەت بە سوریا، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە هێرشی گرووپەکانی سەر بە ڕژێمی ڕاگوزەر دەکات، کە چۆن گرووپە ئاینییەکانی وەک دورز و مەسیحی و عەلەوییەکانیان لە ڕێگەی توندوتیژییەوە سەرکوت کردووە.
لە لاپەڕە 47ی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "لە بەشێکی باکور و ڕۆژهەڵات کە بە قەبارەیەکی زۆر کوردی مسوڵمان و دانیشتوانی عەرەب و مەسیحی و ئێزدی هەن، ئیدارەی ئۆتۆنۆمی دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەسەدە کە هاوبەشی ئەمەریکایە، بەردەوام بوونە لە مۆدێلی فرە ئایینی خۆیان لە حوکمڕانی ناوچەیی. بەڵام تورکیای دراوسێ بەردەوام بووە لە ڕۆڵی بۆ تێکدانی سەقامگیری ئازادی ئایینی لە هەرێمەکەدا، لە ڕێگەی هێرشی سەربازیی بەربڵاو لەگەڵ پشتیوانی ئەو لایەنە چەکدارانەی کە ئێزدییەکان و مەسیحییەکان و ئەوانی دیکەیان هەراسان کردووە یان هێرشیان کردوونەتە سەر."
کۆمیسیۆنەکە ڕێنمایی حکومەتی ئەمەریکا دەکات بەوەی سوریا بخاتە لیستی "وڵاتانی زۆر نیگەرانکەر" بەهۆی بەشداری یاخود قبوڵکردنی پێشێلکاری مەزن دژ بە ئازادی ئاینی.
هەروەها ڕێنمایی سەپاندنی سزای نوێی سنوردار دەکات بۆسەر لایەنە بەرپرسیارەکان. هاوکات پێشنیار دەکات فشار بخرێتە سەر حکومەتی ڕاگوزەری سوریا بۆ فراوانکردنی پانتایی ئازادییە ئاینییەکان.
هەروەها سەبارەت بە دۆخی ناو تورکیا، ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی "حکومەتی تورکیا خەریکی پێشێلکاری توندی سیستماتیکی و بەردەوامی ئازادی ئایینی بووە، هاوتەریب لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو."
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە چەند کەیسێک دەکات کە تێیاندا سیستەمی دادوەری تورکیا بە توندی ئەو کەسانەی سزا داوە کە تۆمەتبارکراون بە سوکایەتی بە هێما پیرۆزەکانی لایەنی دەستەڵاتدار، لە کاتێکدا دادگا، بۆ نمونە، مافی سزادانی کەسێکی هەڵوەشاندووەتەوە کە بە ئاشکرا هەڕەشەی کوشتنی لە خەڵکی جوو و ئەمەریکایی و کورد کردووە.
ڕاپۆرتی حکومەتی ئەمەریکا: تورکیا ئازادی ئاینی لە باکوری سوریا ناسەقامگیر دەکات