Accessibility links

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن: ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئاسانکاری گەشتی هاووڵاتیان لەم کاتە سەختەدا

لە کاتێکدا لە ئەنجامی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەشێکی زۆری هێڵە ئاسمانییەکان گەشتەکانیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگرتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی بە هەماهەنگی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی پێکهێناوە بۆ هاوکاری کردنی گێڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانەی کە لە دەرەوەی هەرێم گیریان خواردووە یان ئەوانەی بە سەردان لە هەرێمن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.

تریفە عەزیز نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لە ڕاگەیاندنێکی نوسراودا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت پارێزراوی هاووڵاتیان ئەرکی سەرەکی حکومەتی هەرێمە. ڕایشیگەیاند " ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین، بۆ پاراستنی هاووڵاتیانمان و یارمەتیدان لە ئاسانکاری گەشتکردن بە ئاسانی و بەرپرسیارانە لەم کاتە سەختەدا."

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا دەڵێت وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی کاروباری پەیوەندییەکانی دەرەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆماری تورکیا، ڤیزایی پێنج ڕۆژی کاتییان بۆ ئەو کەسانە دابین کردووە کە پاسەپۆرتی عێراقییان هەیە ئەمەش هاوکاری دەکات بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت بە ڕێگای تورکیاوە دەربچن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە هاووڵاتیانی ئەمەریکایی لە بەحڕەین، میسڕ، ئێران، عێراق، ئیسرائیل بە کەناری ڕۆژئاوا و غەززەوە، ئوردن، کوەیت، لوبنان، عومان، قەتەر، سعودییە، سوریا، ئیمارات، وە یەمەن کرد دەستبەجێ ئەو وڵاتانە بەجێبهێڵن.

یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا مۆرا نامدار ڕایگەیاند، "وەزیر مارکۆ ڕوبیۆ و وەزارەتی دەرەوە هانی ئەمەریکاییەکان دەدات بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئەو وڵاتانە بەجێبهێڵن لە ڕێگەی گەشتی بازرگانی."

مۆرا نامدار گوتی ئاگادارکردنەوەکە بەهۆی هەبوونی "مەترسی جدیی ئاسایشییە."

دەڵێت ئەو ئەمەریکییانەی کە پێویستیان بە هاوکاری وەزارەتی دەرەوە هەیە بۆ ڕۆشتن لەو ناوچەیە، پەیوەندی بکەن بەم ژمارە تەلەفۆنەوە: 100-202-105-4444.

XS
SM
MD
LG