سوپای بەرگری ئیسرائیل گرافیکێکی بڵاوکردووەتەوە کە وێنەی خامنەیی و 14 سەرکردەی هەرە باڵای ئێران و حەماس و حزبوڵای لوبنانی تێدایە کە بە "بەرەی مقاوەمەی" ناسراون و دەڵیت هەموویان لەناوبران.
هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لەپاڵ گرافیکەکەدا دەڵێت، "ئەمە فەرمییە: هەموو سەرکردە تیرۆریستە باڵاکانی 'میحوەری تیرۆری' ئێران لەناوبراون."
لە لیستەکەدا ناوی بەرپرسانی باڵای ڕژێمی ئێران و حزبوڵای لوبنان و حەماس هەیە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لەناوبراون، لە سەرووی هەموویانەوە عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامی و حەسەن نەسڕوڵا سەرۆکی حزبوڵا، یەحیا سنوار سەرکردەی حەماس.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت لە هێرشەکانی بۆ سەر ڕژێمی ئێران بەردەوام دەبێت و دەڵێت هێزی ئاسمانی ئیسرائیل "باڵادەستی ئاسمانی" خۆی بەسەر شاری تاراندا سەپاندووە.
سوپاکە دەڵیت هێرشی کردووەتە سەر دەیان بارەگای شەڕی سەر بە ڕژێم، لەوانە بارەگاکانی پاسداران و بارەگای هەواڵگری و بارەگاکانی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران و بارەگاکانی ئاسایشی ناوخۆ.
ئیسرائیل دەڵێت شەپۆلی لێدانەکان زیانێکی زۆر بە تواناکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی ڕژێم دەگەیەنن و "سوپای ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی لە هەموو سیستەم و سەربازانی ڕژێمی تیرۆر دەدات لە هەرشوێنێک هەبن."
ئیسرائیل: هەموو سەرکردەکانی "بەرەی تیرۆرمان" لەناوبردن