سیناتۆری کۆماری لینزی گراهام ڕەخنەی گرت لە هەڵوێستە هاوبەشەکەی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و دەڵێت "بەشێوەیەکی شەرمەزارکەرانە نەرم" بوو.
لینزی گراهام ڕایگەیاند، "ئەگەر بڵێم بێ هیوا بووم هێشتا کەمە سەبارەت بە لێدوانی هاوبەشی سەرکردایەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا سەبارەت بە 'ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئەفسانەیی'."
سیناتۆرە کۆمارییەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گوتی، "زۆر جێگەی داخە کە دەبینین دیموکراسیەکانی ڕۆژئاوا خولیای خۆیان بۆ دادپەروەری و هەستکردن بە ڕاست و هەڵەیان لەدەست بدەن. هەموو کەس لە ئەوروپا بە حەق سۆزیان هەیە دژی داگیرکاری ئۆکرانیای لەلایەن ڕووسیاوە. بەڵام کاتێک باس لە خەڵکی بەشمەینەتی درێژخایەنی ئێران دەکرێت، هەڵوێستی ئەورووپا جێگەی بەزەییە."
ئەمڕۆ فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی.
ئەو سێ وڵاتە ڕایانگەیاند، " ئێمە بەشداریمان لەو هێرشە ئاسمانییانەدا نەکرد، بەڵکو لە پەیوەندی نزیکداین لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان، لەنێوانیان ئەمەریکا و ئیسرائیل و هاوبەشەکانی ناوچەکە. ئێمە پابەندبوونمان بە سەقامگیری ناوچەکە و پاراستنی ژیانی مەدەنی دووپات دەکەینەوە."
هاوکات داوایان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلام ئێران کردووە کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بهێنێت و سیاسەتە ناسەقامگیرەکانی لە ناوچەکەدا ڕابگرێت.
لینزی گراهام لە وەڵامدا دەڵێت، "بۆ سەرکردەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا: گەلی ئێران هەڵە نییە کە داوای کۆتاییهێنان بکات بە ستەمکارییەکەی ڕژێمی ئایەتوڵڵای خوێنڕێژ کە دەستی چووەتە خوێنی ئەمەریکایی و ئەوروپاییەکان. ئێوە بەکۆمەڵ هەڵەن بە ڕەتکردنەوەی هاتنە هانای گەلی ئێران و بەم هەڵوێستەتان سووکایەتی زیاتر دەکەن بریندارییەکەیان، ئێوە پێشنیار دەکەن کە ئێمە بەردەوام بین لە دانوستان لەگەڵ نازییە ئایینییەکان. جێگای بەزەییە. ئەوروپای ڕۆژئاوا بۆ چی دابەزیوە."
دەشڵێت، " بۆ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانمان: ئێوە بە شێوەیەک کە شایەنی بەزەییە نەرم بوونە و ویستی خۆتان لەدەستداوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە دژی خراپە، مەگەر ئەم خراپەیە لەبەردەم دەرگای ماڵەکانتان بێت."