فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلام ئێران کردووە کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بهێنێت و سیاسەتە ناسەقامگیرەکانی لە ناوچەکەدا ڕابگرێت.
ئەو سێ وڵاتی ئەوروپا ڕایانگەیاند، " ئێمە بە توندترین شێوە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە شەرمەزار دەکەین. ئێران دەبێ خۆی لە هێرشی سەربازی بێ جیاوازی بپارێزێت. داوای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دەکەین و داوا لە سەرکردایەتی ئێران دەکەین کە بەدوای چارەسەرێکی دانوستانیدا بگەڕێن."
بەیاننامەکە دەشڵێت، "دواجار دەبێ ڕێگە بە خەڵکانی ئێران بدرێت کە داهاتووی خۆیان دیاری بکەن."
فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا سەرەڕای وەستاندنی پەرەپێدانی ئەتۆمی، هەروەها داوا لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەکەن "بەرنامەی موشەکی بالیستی خۆی سنوردار بکات و دووربکەوێتەوە لە چالاکییە ناسەقامگیرییەکانی لە ناوچەکە و وڵاتەکانمان، وە توندوتیژی و سەرکوتکردنی ترسناک دژی گەلەکەی خۆی بوەستێنێت."
بەیاننامە هاوبەشەکە سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەڵێت، " ئێمە بەشداریمان لەو هێرشە ئاسمانییانەدا نەکرد، بەڵکو لە پەیوەندی نزیکداین لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان، لەنێوانیان ئەمەریکا و ئیسرائیل و هاوبەشەکانی ناوچەکە. ئێمە پابەندبوونمان بە سەقامگیری ناوچەکە و پاراستنی ژیانی مەدەنی دووپات دەکەینەوە."
فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن