ناوچەی جرف ئەسەخر لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە هێرشیکرایە سەر، ئەو ناوچەیە بەناوچەیەکی سەربازی داخراوی میلیشیا شیعەکان لە عێراق دادەنرێت.
ئەم ناوچەیە پێشتر بە ناوچەیەکی گرنگی کشتوکاڵی ناوبانگی دەرکردبوو، بەڵام 10 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە دانیشتوانە سونەکەی دەرکرا و ناوچەکەش کرایە ناوچەیەکی ئاڵۆزی سەربازیی.
گرنگی جرف ئەلسەخر بۆ میلیشیاکان
جرف ئەلسەخر دەکەوێتە سنوری پارێزگای بابل و 60 کیلۆمەتر لەبەغداوە دوورە، بەڵام وەکو ناوچەیەکی پڕ لەچەک و جبەخانەی هێزە شیعەکان ناوبانگی دەرکردووە.
ئەم ناوچەیە لەرووی ستراتیژییەوە بۆ میلیشیاکان گرنگە و شاری بەغدا و پارێزگاکانی بابل، ئەنبار و کەربەلا پێکەوە گرێ دەدات، ئەمە جگە لەوەی هەر لەم ناوچەیەوە میلیشیاکان رێگەی نێوان بەغدا و پارێزگاکانی خوارووی عێراقیان کۆنترۆڵ کردووە.
گۆڕینی دیموگرافی جورف ئەلسەخر
میلیشیا شیعەکان دوای کۆنترۆڵکردنی جورف ئەلسەخر و دەرکردنی دانیشتوانەکەی کە عەرەبی سونەن، ناوی ناوچەکەیان گۆڕیووە بۆ "جرف ئەلنەسر".
جرف ئەلسەخر هێندە ناوچەیەکی سەربازی دەخراوە، دەوترێت رێگە بە هەندێک لە سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق نەدراوە سەردانی ناوچەکە بکەن، بەوپێیەی هێزی حەشد و ئێرانی تێدایە.
بەئامانج گرتنی جرف ئەلسەخر
جرف ئەلسەخر پێشتریش چەند جارێکی تر هێرشیکراوەتە سەر و هۆکارەکەی بۆ بوونی سەربازگە داخراو و پڕ لە جبەخانەکانی حەشد و ئێران دەگێڕدرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگری و ئەمنییەکان، ناوچەی جرف ئەلسەخر کراوەتە ناوچەیەک بۆ بەرهەمهێنان و برەودان بە کەرەستە سەربازییەکان لەلایەن حەشدەوە.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، لەنێو دارستانە چڕ و ژێر زەمینی ناوچەکە لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە، کارگەی پێشکەوتووی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بونیاتنراون کە فڕۆکەکان لە جۆری خۆکوژین.
هەر لەناوچەکەدا چەک و جبەخانەیەکی زۆر کۆگا کراون و میلیشیاکان لەو ناوچەیە مەشق و راهێنانی سەربازی ئەنجام دەدەن، هەر ئەمەش وایکردووە ناوچەکە بەرووی تەنانەت بەرپرسانی عێراقیشدا دابخرێت.