ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش و بەرفراوانی نێوان سوپای ئیسرائیل و سوپای ئەمەریکای لەدژی "ڕژێمی تیرۆریستی ئێران" ڕاگەیاند و وتی ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە "نەهێشتنی هەڕەشەکانە بۆ هەبوونی سەر ئیسرائیل لە درێژخایەندا".

لە بەیاننامەیەکدا کە بەو بۆنەیەوە بڵاوکراوەتەوە هاتووە سوپای ئیسرائیل و سوپای ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش و بەرفراوان و بەهێزیان دەستپێکردووە بە ئامانجی لێدانی گورزێکی گەورە لە ڕژێمی تیرۆریستی ئێران و نەهێشتنی هەڕەشەی هەبوونی ئیسرائیل لە درێژخایەندا.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکە "هێرشکردنە سەر دەیان ئامانجی سەربازی" لەخۆگرتبوو و لەچوارچێوەی "هێرشێکی فراوان و هەماهەنگ و هاوبەشدا" ئەنجامدراوە.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی چەند مانگی ڕابردوو وتی " ڕێژیمی ئێران دەستبەرداری پلانی لەناوبردنی ئیسرائیل نەبووە. ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنی پێشوودا بە "لێدانی قورس" ناوزەد کرابوو، تاران لە هەوڵەکانی بۆ " شاردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکانی" بەردەوام بووە و لە هەمان کاتدا پرۆسەی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئاوەدانکردووەتەوە. بە گوتەی ناوبراو، کۆماری ئیسلامی هەروەها بەردەوام بوو لە "پارەدارکردنی دارایی و ڕاهێنان و پڕچەککردنی هێزە بە وەکالەتەکانی کە لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل جێگیرن" و "ئەم کردەوانە هەڕەشەیەکی وجودی بۆ سەر ئیسرائیل پێکدەهێنن و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان دەخەنە مەترسییەوە".


لەشکری ئیسرائیل لە ڕێگەی پێگەکەی لەسەر ئێکس پارچە ڤیدیۆیەکی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر شوێنەکانی ڕژێمی ئێران لە ڕۆژئاوای ئێران بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، ببینە: لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر" لەشکری ئیسرائیل سەدان ئامانج لە ڕۆژئاوای ئێران بۆردومان دەکات.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە چەند مانگی پێش هێرشەکەدا، "پلانی هاوبەشی چڕ لە نێوان سوپای ئیسرائیل و ئەمەریکادا ئەنجامدرا" بۆ ئەوەی بتوانرێت ئۆپەراسیۆنەکە بە "زۆرترین هەماهەنگی و هاوکاتی" ئەنجام بدرێت. هەروەها سوپای ئیسرائیل “پرۆسەیەکی ورد و درێژخایەنی ئامادەکاری بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە جێبەجێ کردبوو، چ لە بواری بەرگری و چ لە پلانی هێرشبەری جۆراوجۆردا، بە هەموو سیستەمەکانییەوە”.

بە وتەی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لیوا ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، لەگەڵ فەرماندە باڵاکان، "هەڵسەنگاندنێک بۆ دۆخەکە ئەنجام دەدەن" و "ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئیسرائیل لە حاڵەتی جێگیربوون و ئامادەیی تەواودان، چ لە بەرگریی پێشوەختە و چ بۆ هێرشکردن، لە هەموو بەرەکان و دژی هەر دوژمنێک".

XS
SM
MD
LG