ڤۆلکر تورک، ڕۆژی هەینی لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیدا ڕایگەیاند، ڕەوشی ئێران بەردەوام ئاڵۆزە دوای ئەوەی کاربەدەستان لە ماوەی سەرکوتکردنی خوێناوی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەدا هەزاران کەسیان کوشت.
ئەو دەڵێت لەم ڕۆژانەشدا شەپۆلێکی خۆپێشاندانەکان لە زانکۆکان ڕوونی دەکاتەوە کە سەرکوتکردن و دەستبەسەرکردنی خوێندکاران هەروا بەردەوامە.
ئەم بەرپرسەی مافەکانی مرۆڤ گوتیشی "بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان هێشتا هەزاران کەس بێسەروشوێنن. بەو ڕاپۆرتانە حەپەسام کە لانی کەم هەشت کەس، لەنێویاندا دوو منداڵ، لە پەیوەندی خۆپێشاندانەکاندا سزای مەرگیان بەسەردا سەپێنراوە. هەروەها ٣٠ کەسی دیکەش هەر لە ژێر مەترسی ئەو سزایە دان."
تورک داواشی کرد لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، بێلایەن و ڕوون پێکبێت و دەستبەجێ بڕیاری سزای مەرگ ڕابگیرێت.
لە درێژەی گوتەکانیشیدا ئاماژەی بە گرژییەکانی هەرێمی کرد و جەختی کردەوە سەر ئەوەی کۆمەڵگای جیهانی سەبارەت بە ئەگەری گرژی لە هەرێمەکە و کارتێکردنی بۆ سەر مەدەنییەکان هوشیار بێت. ئەو داوای لە هەموو لایەنەکانیش کرد کە خۆ لەو هەنگاوانە دوور ڕابگرن کە ببێتە هۆی تێکهەڵچوونی بەرفراوان.