Accessibility links

ئەمەریکا چاودێری شەڕی ئەفغانستان و پاکستان دەکات

ئەمەریکا دەڵێت چاودێری دۆخی سنووری ئەفغانستان و پاکستان دەکات، دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادان لە نێوان هەردوو وڵات سەریهەڵدا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە بەشی ئەفغانی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند وەزارەتەکە "ئاگاداری پەرەسەندنی گرژییەکانی ئەم دواییەیە."

هەروەها نوێنەرایەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان لە ئاگادارکردنەوەیەکی ئاسایشیدا هۆشداری دا لەوەی کە پێشهاتەکان "گوزارشت لە مەترسییە زۆرەکانی مانەوە لە ئەفغانستان یان گەشتکردن بۆ ئەفغانستان دەکەن."

لە ئاگادارکردنەوەکەدا ئاماژە بە هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستان لە سەرەتای ڕۆژی هەینیدا کراوە بۆ سەر چەند ئامانجێک لە کابول و پارێزگای پاکتیا و قەندەهار.

کاربەدەستانی ئەفغانستان دەڵێن هێزەکانی تاڵیبان درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممە هێرشیان کردووەتە سەر شوێنە سەربازییەکانی پاکستان، لە کاردانەوە بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا.

پاکستان ڕۆژی هەینی لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە وەڵامی هێرشەکانی ئەفغانستانی دایەوە، هەروەها خەواجە محەمەد عاسف وەزیری بەرگری پاکستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند کە "جەنگی کراوە لە نێوانماندایە."

حکومەتی پاکستان ڕۆژی هەینی لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی پاکستان شەهباز شەریف لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی کۆبووەتەوە و زانیاری لەبارەی دۆخی ئەمنی وەرگرتووە. حکومەتی پاکستان گوتی شەهباز شەریف جەختی کردەوە لە "نەبوونی هیچ لێبوردەییەک بەرامبەر بە تیرۆر و کردەوەی دوژمنکارانە دژی پاکستان."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێشتر داوای لە تاڵیبان کردووە پابەند بێت بە بەڵێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وە دڵنیابێتەوە لەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان لە خاکی ئەفغانستانەوە ئەنجام نەدرێن.

هەردوو وڵات یەکتر تۆمەتبار دەکەن، لەکاتێکدا پاکستان بانگەشەی ئەوە دەکات ڕژێمی ئەفغانستان پەنای ئەو چەکدارانە دەدات کە هێرش لە پاکستان ئەنجام دەدەن، بەڵام ئەفغانستان ئەو تۆمەتە ڕەتیدەکاتەوە.

XS
SM
MD
LG