تۆم باراک نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سوریا ستایشی ئاڵوگۆڕی سەربازانی حکومەتی سوریا و چەکدارانی دورزی کرد و بە هەنگاوێک بەرەو ئاشتی ناوی برد.
باراک، کە هاوکات باڵیۆزی ئەمەریکاشە لە تورکیا، ڕۆژی هەینی لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، " بە هاوکاری بەنرخی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، دوێنێ 25 چەکداری حکومەت و 61 چەکداری دورزی لە پرۆسەیەکی ئاسایی و ڕێکوپێکدا ئاڵوگۆڕ کران."
ئەو دیپلۆماتکارە ئەمەریکاییە دەشڵێت، ئەم پرۆسەیە هەنگاوێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە تۆڵەسەندنەوە ڕۆشتن بەرەو ئاشتی.
حکومەتی کاتی سوریا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئاڵوگۆڕی چەکدارانی نێوان هەردوولا لەلایەن شاندێکی خاچی سوورەوە ئاسانکاری بۆ کراوە.
ئەو کەسانە لە دوای توندوتیژییەکانی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردووەوە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سوریا و ئەوانەی هاوپەیمانی دروزەکان بوون، دەستبەسەر کرابوون.
باراک ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا ڕۆڵی ئاسانکاری بینیوە لە ئازادکردنی چەکدارانی هەردوولا. سوپاسی ئەبراهام حەمادە، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکای کرد بۆ ڕۆڵی لەو دەستپێشخەرییەدا. حەمادە نوێنەری ویلایەتی ئەریزۆنایە و خۆی بە ڕەچەڵەک دورزییە.
سەرەڕای ئەم هەوڵانە، گرژییەکان لە نێوان دیمەشق و دورزییەکان هەر بەردەوامی هەیە. لە دوای توندوتیژییەکانی مانگی حەوتەوە، کە تێیدا سەدان هاووڵاتی سڤیلی دورزی لە پارێزگای سوەیدە کوژران، هێزەکانی خۆجێی دورزی دەستیان بەسەر خاکەکەیاندا گرتووە و ڕێگەی چوونە ناوچەکەیان گرتووە.
دورزییەکان داوای ئۆتۆنۆمی لە ناوچەکەیان دەکەن، بەڵام دیمەشق دەڵێت پێویستە هەموو ناوچەکانی سوریا لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتێکی ناوەندیدا بن.