Accessibility links

هاوپەیمانی هێزەکانی کوردستانی ئێران تۆمەتی "جیاخوازی" لەلایەن ڕەزا پەهلەویەوە ڕەتدەکاتەوە

هاوپەیمانی تازە دامەزراوی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە کاردانەوە بۆ لێدوانی ڕەزا پەهلەوی، ڕێبەری پاشاخوازەکان لە ئێران، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند ڕەزا پەهلەوی دەیەوێت لە ڕێگەی ئاسایش و سەربازییەوە ڕووبەڕووی "ئەو داواکارییە دیموکراتیانە ببێتەوە کە لە جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا ئاماژەیان پێکراوە."

ڕەزا پەهلەوی ڕۆژی چوارشەممە لەکاردانەوە بە ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی هێزە کوردییەکان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ئەو هێزانەی تۆمەتبار کرد بە "جودایخواز کە دەیانەوێت ئێران پارچە پارچە بکەن."

لەکاردانەوە بە وتەکانی پەهلەوی، حزبە کوردییەکان لە بەیاننامەکەیاندا کە ئەمڕۆ بڵاویان کردووەتەوە، ئاماژە بە دۆسیە مێژووییەکان دەکەن، لەوانە ڕادەستکردنی "ئاراراتی بچووک" و جیابوونەوەی بەحرەین و پرسی سەرچاوەکانی ڕووباری هیرمەند لە ئێران کە لەلایەن باوک و باپیرەی پەهلەوییەوە رادەستکراون.

ئاراراتی بچووک لە سەردەمی ڕەزاخانی پەهلەوی لە ساڵی 1937 لە ئێران دابڕا و رادەستی تورکیا کرا. هەروەها لە ساڵی 1970 لە سەردەمی محەممەد ڕەزا پەهلەوی، بەحرەین لە ئێران جیا بووەوە و وەک وڵاتێکی سەربەخۆ ناسێندرا.

ڕەزا پەهلەوی لە بەیاننامەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە هەندێک لە حزبە کوردییەکان مێژووی هاوکارییان لەگەڵ خومەینی و سەدام حوسێندا هەیە. هەروەها جەختی لە یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی نەتەوەیی ئێران کردەوە.

هاوکات عەبدوڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، کە حیزبەکەی بەشێک نییە لە هاوپەیمانی هێزە کوردییەکان، ناوهێنانی حزبە کوردییەکانی بە جوداخواز ڕەتکردەوە و ئەو جۆرە لێدوانانەشی بە هۆکاری دووبەرەکی و لاوازبوونی هاودەنگی نێوان هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ناودێر کرد.

ئەندامانی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بریتین لە: حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان.

XS
SM
MD
LG