بەرپرسێکی ئەمەریکایی و دوو سەرچاوەی ئاگادار لەم بابەتە ڕایانگەیاندووە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری کۆشکی سپی، ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا ڕایگەیاندووە ئیدارەی ترامپ دەیەوێت هەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران "هەمیشەیی" بێت.
بەپێی دەزگای ئاکسیۆس، ستیڤ ویتکۆف هەروەها ڕایگەیاندووە کە دانوستانەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران لە ئێستادا لەسەر پرسی ئەتۆمییە، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر ئەو پرسە بکرێت، ئیدارەی ترامپ دوای ئەوە دەیەوێت تاوتوێی بەرنامەی مووشەکی ئێران و پشتیوانی ڕژێمەکە لە گروپە چەکدارەکان بکات.
بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کە نێوەندگیری دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانە، ڕۆژی پێنجشەممە لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ لە ژنێڤ ئاڵوگۆڕێکی بنیاتنەر و ئەرێنی بیروڕامان ئەنجام دا. ئێستا هەردوولا، ئەمەریکاییەکان و ئێرانییەکان، ماوەیەک وەستاون. ئەمڕۆ دەست بە گفتوگۆکان دەکەینەوە، هیوادارین پێشکەوتنی زیاتر بەدەست بهێنین."
هەرەها وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێران لە پرۆسە دایە بۆ پەرەپێدانی مووشەکی دوور مەودا.
مارکۆ ڕوبیۆ ئەم هەنگاوەی بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و سەقامگیریی ناوچەکە وەسف کرد.
بەرپرسێکی ئەمەریکا: ئەگەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی بکرێت، دانوستان لەسەر مووشەکەکانی ئێران بەردەوام دەبێت