ڕاپۆرتێکی نوێی ئەمەریکایی پەردەلادەدات لەسەر چەند نهێنییەکی شێوازی کارکردنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی، کە چۆن لە ڕێگەی تۆڕێکی نهێنی 4 هەزار کەسییەوە خۆی و کوڕەکانی دەستەڵاتێکی سێبەریان پێکهێناوە و سیاسەتی ئێران لە پرسە سەرەکییەکاندا ئاراستە دەکەن.
ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرای دەکات، ئۆفیسی ڕێبەری باڵا لە شاری قوم، کە بە 'بەیتی ڕێبەری' ناسراوە، بریتییە لە تۆڕێکی دامەزراوەیی فراوان و"شادەماری نهێنی" بەڕێوەبردنی کۆماری ئیسلامی، لە ڕێگەیەوە خامنەیی حوکمی پرسەکانی سەربازی، ئابووری، دامەزراوە ئایینییەکان و بیرۆکراسی دەوڵەتی ئێران دەکات.
دەڵێت، "لەژێر سایەی خامنەیی، بەیت بووەتە ناوەندێکی زەبەلاحێکی سیاسی، هاوتەریب لەگەڵ سێ لقەکانی دەسەڵات و بیرۆکراسی دەوڵەت. گەشەسەندنەکەی بە جۆرێکە کە ئێستا زیاتر لە 4 هەزار کارمەندی لە ئۆفیسی سەرەکیدا هەیە و زیاتر لە 40 هەزار کارمەندی تری لە ژێر چەتری دەزگا پەیوەندیدارەکانی تردا کاردەکەن."
ڕێکخراوی 'یەکگرتوو دژی ئێرانی ئەتۆمی' سێشەممە ڕاپۆرتەکەی بڵاوکردەوە.
ئاماژە دەکات بە ڕۆڵی کەسوکاری خامنەیی و چوار کوڕەکانی لە بەڕێوەبردندا، بەتایبەت موجتەبا خامنەیی تەمەن 57 ساڵ کە زۆترین ڕۆڵی سیاسی هەیە و وەک "نیمچە ڕێبەرێک" کاردەکات.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت هەرچەندە خامنەیی کەمتر لە شوێن و بۆنە گشتییەکاندا دەردەکەوێت بەراورد بە ڕابردوو، بەڵام ئەمە بە مانای لاوازبوونی دەستەڵاتی نایەت، بەتایبەت بە هۆی ئەوەی 'بەیت' وەک دامەزراوەیەک لەناو دەوڵەتی ئێراندا خۆی چەسپاندووە.
ڕاپۆرتەکە کارکردنی خامنەیی و کەسانی نزیکی لە چوارچێوەی 'بەیت' بە هەبوونی 'دەوڵەتی ناو دەوڵەت' پێناسە دەکات و دەڵێت ئەو هیوایانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لاواز دەکات کە چاکسازی و ڕیفۆرم یاخود ناکۆکی ناوخۆیی بتوانێت گۆڕانکاری لە ئێراندا بهێنێتە ئاراوە.
دەشڵێت، "تێکەڵبوونی قووڵی دامەزراوەکە لە بڕیارە سەربازییەکان و پەنابردنیان بۆ دەستکاری هەڵبژاردن و بەکارهێنانی پارە بۆ کڕینی هاوسۆزی سیاسی دڵنیای دەدەن لە بەردەوامی یەکگرتوویی ڕژێم لەبەردەم ناکۆکییە ناوخۆیی و فشارە دەرەکییەکاندا. ئەمە خامنەیی نییە وەک کەسێک، بەڵکو بەیت وەک دامەزراوەیەک، کە بەردەوامی دەدات بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و ئاراستەکردنی دانوستانەکانی ئەتۆمی."