وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕۆژی چوارشەممە "هەڵهاتنی بەکۆمەڵی" کەسوکاری چەکدارانی داعشی لە کامپی هۆل پشتڕاست کردەوە، کە بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان هەسەدە و سوپای سوریای عەرەبی لە مانگی ڕابردوو ڕویاندا.
وتەبێژی وەزارەتەکە، نورەدین بابا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "حاڵەتەکانی هەڵهاتنی بەکۆمەڵمان بەدیکرد کە لە ئەنجامی کردنەوەی بەربەست و بازگەکانی ناوەوەی کەمپەکەوە ڕوویانداوە."
نورەدین بابا ئاماژەی دا بە لایەنی کەم 133 حاڵەتی ڕاکردن لە کامپەکە تۆمارکراون، وە هێزەکانی هەسەدەی بەوە تۆمەتبار کرد گوایە بە شێوەیەکی "هەڕەمەکی پەرشوبڵاو" دەروازەکانی کامپی هۆلیان کردووەتەوە و هاوکار نەبوون لە گواستنەوەی ئاسایشی کامپەکە بۆ ژێر دەستی سوپای سوریای عەرەبی.
هەسەدە ئەم تۆمەتەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ڕاگوزەری سوریای بە بێ بنەما ناوبرد و دەڵێت هێزەکانی کە بۆ پاراستنی کامپەکە لەوێ بوون، لە یەک کاتدا و لە کردەیەکی "بەهەماهەنگی ئەنجامدراودا" لە دەرەوە لەلایەن سوپای سوریاوە هێرشیان دەکرایە سەر و لە ناوەوەی کامپەکەش کەسوکاری داعشەکان ئاژاوەیان دەنایەوە.
هەسەدە چەکدارانی سوریای تۆمەتبار کرد بەوەی کاتێک "چوونە ناو کەمپەکە، دەستیان کرد بە گواستنەوەی خێزانی ئەندامانی داعش بە بەردەم کامێرای کارمەندانی خۆیان. ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی بە شێوەیەکی ئاشکرا و بە شێوەیەکی بەڵگەدار بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوام بوون، لە ژێر چاودێری و پاراستنی کارمەندانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ لە حکومەتی دیمەشق."
هەسەدە دەشڵێت، "بەرپرسیارێتی ئەم دیمەنە لە ئەستۆی ئەو لایەنانەدایە کە لەو کاتەدا کۆنترۆڵ و ئیدارەی ڕاستەقینەیان گرتە ئەستۆ. ئەم ڕاستیانە بە بەڵگەی دەنگی و ڤیدیۆیی تۆمار کراون و بە لێدوانی چەواشەکاری میدیایی ناتوانرێت بسڕدرێنەوە."
حکومەت ڕاگوزەری سوریا دەڵێت نزیکەی 23 هەزار و 500 کەس لەو کامپەدا هەبوون. ڕێژەی ٧٠٪ دانیشتوانی کامپەکە ژن و منداڵ و کەسانی بەتەمەن بوون. هەروەها زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانەکەی خەڵکی سوریا و عێراق بوون، بەڵام نزیکەی شەش هەزار و 500 کەسیان هاوڵاتی 44 دەوڵەتی تر بوون.
هەسەدە و حکومەتی سوریا لەسەر هەڵهاتنی بەکۆمەڵی کەسوکاری داعش یەکتری تۆمەتبار دەکەن