سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لە وتاری ساڵانەیدا لە بەردەم کۆنگرێس ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی ئێران کاردەکات لەسەر دروستکردنی ئەو مووشەکانەی کە "بەمزوانە دەگەنە ئەمەریکا" و دیسانەوە هەوڵەکانیان بۆ بونیادنانی چەکی ئەتۆمی دەستپێکردووەتەوە.
سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند، "ئەوان ئەو جۆرە مووشەکەیان پەرەپێداوە کە دەتوانێت هەڕەشە لە ئەوروپا و بنکەکانمان لە دەرەوەی وڵات بکات- وە کار لەسەر دروستکردنی ئەو مووشەکە دەکەن کە بەم زووانە دەگاتە ئەمەریکا."
هەروەها دەڵێت لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی 'چەکوشی نیوەشەو" کە هێزەکانی ئەمەریکا بەرواری 22-6-2025 بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجامیان دا، حکومەتی ئەمەریکا ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئاگادارکردەوە کە جارێکی تر هەوڵ نەدات بۆ دووبارە بونیادنانەوەی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی، "بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامن، و لەم ساتەدا دیسانەوە بەدوای ویستە ئەتۆمییە خراپەکانیان دەگەڕێن. لەناومانبرد و دیسانەوە دەستپێدەکەنەوە."
ترامپ گوتیشی، "من پێم باشە ئەم کێشەیە لە ڕێگەی دیپلۆماسیەوە چارەسەر بکەم- بەڵام شتێک جێگەی دڵنیاییە: هەرگیز ڕێگە نادەم سپۆنسەری یەکەمی جیهان بۆ تیرۆر ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ناتوانین ڕێگە بەمە بدەین."
سەرۆکی ئەمەریکا لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرێس باسی لە توندوتیژییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران کرد و ڕایگەیاند، "لەوەتەی 47 ساڵ لەمەوبەر دەستیان بەسەر ئەو میللەتە سەربەرزەی [ئێراندا] گرتووە، ڕژیم و بریکارە بکوژەکانی جگە لە تیرۆر و مردن و کینە هیچی تریان بڵاونەکردووەتەوە. بە بۆمبی سەر ڕێگاکان هەزاران ئەندامی سەربازی ئەمەریکاییان کوشتووە یان پەککەوتەیان کردوون. ئەوان پێشڕەوی ئەم جۆرە بۆمبانە بوون...وە هەر لەم دواییانەدا، نزیکەی 32 هەزار خۆپیشاندەریان لە وڵاتی خۆیان کوشتووە."
ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێدایە ئەمڕۆ دەزگای هەواڵی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە شەش سەرچاوە ئەوەی بڵاوکردەوە کە ڕژێمی ئێران نزیکە لە ڕێککەوتن بۆ کڕینی مووشەکی CM‑302 دژە کەشتی سەروو دەنگی لە وڵاتی چین.
بە گوێرەی ئاژانسەکە، ئەو موشەکە سەروو دەنگییانە مەودای نزیکەی 290 کیلۆمەتریان هەیە و بە شێوەیەک دروستکراون کە لە ڕێگەی فڕینی نزم و خێراوە دەتوانن خۆیان لە سیستەمی بەرگری کەشتییەکان بدزنەوە. شارەزایانی سەربازی دەڵێن، جێگیرکردنیان توانای هێرشکاریی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکەنەوە و مەترسی لەسەر هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دروست دەکان.