Accessibility links

تۆم باراک لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نوێنەری تایبەت بۆ سوریا کە لە ڕۆژی دووشەممەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراقە لەگەڵ چەندین سەرکردەی کورد کۆبووەوی ئەنجام داوە.

تۆم باراک لە پلاتفۆرمی ئێکس سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و مەزڵوم عەبدی پەیامێکی بڵاوکردەوە گوتی، "کەسانی گەنج و زیندوو هیوا و هاوبەشی نوێ دەهێنن بۆ شارستانیەتێکی کۆن و سەربەرز.سەرەتایەک بۆ سەردەمێکی نوێ و هیوابەخش."

دوێنێ دووشەممەش لە هەولێر تۆم باراک لەگەڵ مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبووەوە.

بافڵ تاڵەبانی لە پلاتفۆرمی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە ئاماژەی دا لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر بارودۆخی کورد لە سوریا و ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی کاتی سوریا.

سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29-1-2026 لە نێوان هەسەدە و حکومەتی ئەحمەد شەرع کرایەوە و ئامادەییان دەربڕی بۆ هاوکاری لەسەر لابردنی هەر ئاستەنگێک کە ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە بکات.

دەشڵێت لایەنەکانی کۆبوونەوەکە پێداگرییان کرد لەسەر بونیادنانی سوریایەک کە ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگرێت و ببێتە وڵاتێکی بنیاتنەر لە ناوچەکەدا و جێگەی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا وەربگرێتەوە.

هەروەها لە پەیامەکەدا هاتووە، "جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی باسی لە بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کرد و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سوریای خستەڕوو."

تاڵەبانی هەروەها گوتی، "پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان دەبین بۆ ئەوەی سوریا ببێتە وڵاتێک کە هەموو لایەک ماف و نوێنەرایەتی خۆی هەبێت و حکومەتەکەی ڕەنگدانەوەی هەمەڕەنگی کۆمەڵگای سوریا بێت."

لای خۆیەوە عەبدی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێست و پاڵپشتی یەکێتی لە شەڕی دژی تیرۆر دەربڕی.

دوێنێ دووشەممە، 23-2-2026، ئۆفیسی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا دوای کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و تۆم باراک، کە مەسرور بارزانیش تێیدا ئامادەبوو، ڕایگەیاند مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوەیەکی بە مێژوو و خەباتی خەڵکی کوردستان و ئەو تاوان و جینۆسایدانەی کە بەرامبەریان کراوە بۆ تۆم باراک کردووە، "جەختیشی کردەوە کە خەڵکی کوردستان بەردەوام بە دوای ئاشتی و پێکەوەژیاندا بوون و ئامانجیان چارەسەرکردنی کێشەکان بووە بە ڕێگای ناتوندوتیژ."

تۆم باراک سەبارەت بە ڕۆڵی مەسعود بارزانی و لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "حیکمەتێکی سەرسوڕهێنەر لە سەرکردەیەکی ئەفسانەییەوە."

نێردەی ئەمەریکا هەروەها لەسەر کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی نوسیویەتی، "گفتوگۆیەکی بەهزری ڕاوێژکاری و دید و ئەزموون."

XS
SM
MD
LG