خوپیشاندانی خوێندکاران لە ئێران بەردەوامە و پێ خستوەتە چوارەمین ڕۆژی خۆیەوە و بە گوێرەی قسەی شایەتحاڵان و ئەو گرتە ڤیدیۆیانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، خوێندکاران لە چەندین زانکۆی شاری تاران و مەشهەد بەردەامن لە ناڕەزایەتییەکانیان دژ بە حکومەت، ئەمەش هاوکاتی ئەو هەواڵانەیە کە باس لە ئەگری هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران دەکەن.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژی سێشەممە سەرەڕای ئاماژەدانی بە ناڕەزایەتی خوێندکاران لە ئێران، باس لەوە دەکات کۆماری ئیسلامی لە مانگی بەفرانباردا بە توندی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەی سەرکوت کردووە و لە ئاکامدا هەزاران کەسی کوشتووە و دەیان هەزار کەسیشی دەستبەسەر کردووە.
سەرۆکی ئەمەریکا چەندین جار هەڕەشەی سەربازی لەدژی کۆماری ئیسلامی کردووە ئەگەر بێتو بەردەوام بێت لە سەرکوتکردنی خوپیشاندەران.
هەروەها دەستەکانی دانوستانکاری ئەمەریکایی و ئێرانی بڕیارە ئەم پەنجشەممەیە لە ژنێڤ کۆببنەوە، کە تێیدا چاوەڕوان دەکرێت ئێران بەوردی پێشنیاز سەبارەت بە سنوودارکردنی پڕۆگرامە ناوکییەکەی بخاتە ڕوو.
ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکی سێشەمەدا ئاماژە دەکات کە خۆێندکارانی زانکۆی تاران بۆ ماوەی سێ ڕۆژە لە سەر خۆپێشاندانەکان بەردەوامن و دروشمیان دەدا کە "ئەم ساڵ ساڵی خوێنە، سەید عەلی سەرەنخونە"؛ هەروەها خۆپێشاندەران جەختیان کرد کە درێژە بە خۆپێشاندانەکانیان دەدەن.
ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز-یش ڕۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی ڕابردووی ئێران کە بە توندی سەرکوت کران، ئەم خۆپێشاندانانەی خوێندکاران کە چەند ڕۆژە بەردەوامن، ڕووداوێکی دیار و بەرچاوی وڵاتەکەیە. ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بەو ڤیدیۆیانەی لەم چەند ڕۆژانەی دواییدا لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، باس لەوە دەکەن کە خۆیندکاران دروشمی دژی حکومەتی دەدەن و هێزەکانی حکومەتیش بەرەنگاری ئەو خوێندکارانە دەبنەوە کە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و ئاگریان بەر داوەتە ئاڵای کۆماری ئیسلامی.