سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، ئیلهام ئەحمەد، لەگەڵ شاندێکدا بە سەردانێکی فەرمی سەردانی ئەوروپا دەکات.
هوشیار عەلی، نوێنەری ئیدارەی خۆسەری ڕۆژاڤا، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێز ئیلهام ئیحمەد گەیشتە ئەورووپا. هەروەها هەڵات عەفرینی، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، بەشێکە لە شاندەکە."
نوێنەرەکەی ئیدارەی خۆسەر ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکە "لەسەر بانگهێشتی پەرلەمانی ئەوروپا ئامادە دەبێت بۆ تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندنەکان، دوای ئەوەی بڕیارەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی [ئەوروپا] لە بەرژەوەندی کورد بوون."
هوشیار عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا کۆدەبێتەوە. هەروەها ڕۆژی چوارشەممە لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆبونەوە ئەنجام دەدات و سەردانی چەند وڵاتێکی تری ئەوروپا دەکات.
ڕاشیگەیاند سەردانەکە نزیکەی 10 بۆ 15 ڕۆژ دەخاتەنێت و لەو ماوەیەدا لە زۆر شوێن و وڵات کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن.
شایانی باسە، پەرلەمانی ئەوروپا لە 12ی ئەم مانگەدا بەیاننامەیەکی پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژئاوا بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاندبوو، توندوتیژییەکانی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا بەرامبەر بە کورد گەیشتووەتە ئاستی تاوانەکانی جەنگ.