فەرماندەی هەسەدە مەزڵوم عەبدی دەڵێت هیواخوازە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ڕاگوزەری سوریا شکست نەهێنێت، بەڵام لە ئەگەرێکی وەهادا هێزەکانی "هەتا دوا سات" شەڕ دەکەن.
سەرکردەکەی کورد لە سوریا هەروەها ئەوەی نەشاردەوە کە خواستی ئەوان لە سوریادا بریتییە لە ئۆتۆنۆمی بۆ کورد بەڵام لە ئێستادا ئەو ئامانجە بەهۆی بارودۆخەوە بەدی نایەت.
مەزڵوم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەمەریکایی خزمەتگوزاری پەخشی گشتی (پی بی ئێس) گوتی "ئێمە ئۆتۆنۆمیمان دەوێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە مەرجی قبوڵکردنی ئێمە لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە، تەنها بریتییە لە ئیدارەی ناوخۆیی."
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی پی بی ئێسدا کە ئایا چی دەکەن لە ئەگەری شکستی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی ئێستای سوریا، مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، "من ئەوەم ناوێت و خۆزگەشی بۆ ناخوازم، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتنەکە دابڕمێت، ئێمە هەتا کۆتایی لە شەڕەکەماندا بەردەوام دەبین. بە هەموو شێوەیەک مەحاڵە دەستبەرداری ناوچە کوردییەکان بین."
هێرشەکانی سوریای عەرەبی بۆ سەر هەسەدە سەرەتای ئەمساڵ دەستیان پێکرد، چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیاند. لە ئەنجامی هێرشەکان، هەسەدە بە خێرایی زیاتر لە نیوەی ناوچەکانی لەدەستدا.
بەرپرسانی کورد ئەم ڕووداوانەیان وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی و دووبارە بوونەوەی مێژوو دانا، بەوەی کورد لە هاوکێشەکاندا جارێکی تر خراوەتە پەراوێزەوە و هاوپەیمانەکانی پشتیان تێکردووە.
ڕۆژی 29-1-2027 هەردوولا ڕێککەوتنێکیان ڕاگەیاند کە ئاگربەستی شەڕی لێکەوتەوە و بووە نەخشە ڕێگای "تێکەڵکردنی" هەسەدە و ناوچە کوردییەکان لەگەڵ سیستەمی سوریای نوێ.
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پی بی ئێس دەڵێت ئەو ڕێککەوتنە لە هەلومەرجی ئێستادا باشترین دەرئەنجام بووە.
عەبدی لە چاوپێکەوتنەکەدا گوتی، "ئێمە ناڵێین باشترین ڕێککەوتن بوو بۆ کورد، بەڵام بۆ ئەوەی ئاگربەست مسۆگەر بکەین و سەقامگیری دروست بکەین و لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکانمان چارەسەر بکەین، وا گونجاو بوو ڕێککەوتنەکە پەسەند بکەین".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە "ئەگەر حوکمڕانییەکی بەهێزی ناوخۆیی و مافی کۆنترۆڵکردنی پۆلیس و قوتابخانە ناوخۆییەکان بدرێتە کورد، ئایا ئەمە بەسە؟ یان کوردی سوریا خودموختاری یان سەربەخۆیی دەوێت؟" عەبدی گوتی، "نەخێر، لەم هەلومەرجە تایبەتەدا، ئەمە ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت؛ ئەوە بوونی ئیدارەیەکی ناوخۆییە، بۆ ئەوەی کورد بتوانێت ئیدارەی هەرێمەکانی خۆی بکات و ناسنامەی کوردایەتی خۆی بپارێزێت."
سەبارەت بە بوونی داعش و شەڕی دژی تیرۆر، مەزڵوم عەبدی گوتی، "داعش هێشتا زۆر بەهێزە و وردە وردە گەیشتووەتە شارە گەورەکانی سوریا، بەردەوام دەتوانێت هێرش ئەنجام بدات. پێموایە ئەگەر شەڕی داعش بە توندی بەردەوام نەبێت، ئەوا ڕێکخراوەکە جارێکی دیکە بەردەوام دەبێت لە هەڕەشەکانی بۆ سەر جیهان."
فەرماندەی هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەم کاتە هەستیارەدا بیرۆکەیەکی باش نییە، چونکە بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی کێشەی ناوخۆیی بەتایبەت لە شەڕی بەردەوامی تیرۆردا."
سەبارەت بە ناسنامە سورییەکەی، عەبدی ڕایگەیاند، "من دوو ناسنامەم هەیە، یەکێکیان سورییە و ئەوی دیکەیان کوردییە، من لە بنەڕەتدا کوردم، شانازی بە هەردووکیانەوە دەکەم، دەمانەوێت خەون بە ئاوەدانکردنەوەی سوریا ببینین، بەڵام لە هەمان کاتدا دەمانەوێت ببینین ناوچە کوردییەکان گەشە بکەن و پێشبکەون و کورد ڕۆڵی پێشەنگی خۆی لەو وڵاتەدا بگێڕێت."