Accessibility links

سوریا دەڵێت لە هێرشێکی تیرۆرستیدا چوار ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی کوژراون

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا ئەمڕۆ دووشەممە کوژرانی چوار لە ئەندامانی ڕاگەیاند بەهۆی "هێرشێکی تیرۆرستی" بۆ سەر خاڵێکی پشکنین لە شاری ڕەققە.

وەزارەتی ناوخۆی سوریا لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، لە دوای هێرشەکە هێزەکانی سوریا دەستیانکردووە بە پشکنێکی وردی ناوچەکە و دەورووبەری "بە ئامانجی ڕاوەدوونان و نەهێشتنی ئەندامانی ئەو شانەی تیرۆریستییەی بەرپرسیارن لە هێرشەکە، وە دڵنیابوونەوە لە گەڕاندنەوەی ئاسایشی تەواوەتی لە ناوچەکەدا."

دەشڵێت یەکێک لە ئەندامانی شانەکەیان کوشتووە یان دەستگیر کردووە.

وەزارەتەکە ئاماژەی دا ئەمە دووەم هێرشی تیرۆرستییە بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان لە ڕەققە لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا.

وەزارەتی ناوخۆی سوریا ناسنامەی ئەو "شانە تیرۆرستییەی" ئاشکرا نەکردووە، بەڵام هێرشەکان لە کاتێکدان داعش لەدوای پێکدادانە کوشندەکانی نێوان هێزەکانی هەسەدە و سوپای عەرەبی سوریا لە چەند هفتەی ڕابردوودا چالاکییەکانی لە وڵاتەکەدا زیادکردووە.

داعش دوێنێ یەکشەممە، 22-2-2026، ڕایگەیاند ئەندامەکانی هەستاون بە ئەنجامدانی دوو هێرشی جیاواز بۆ سەر سوپای سوریا لە چوارچێوەی "قۆناغی نوێی ئۆپەراسیۆنەکان" لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

وتەبێژی داعش ئەبو حودەیفا ئەلئەنساری ڕۆژی شەممە دوای نزیکەی دوو ساڵ بێدەنگی ئەو گرووپە لە سوریا، لە پەیامێکی دەنگیدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، داوای لە ئەندامانی کرد کە ڕووبەڕووی حکومەتی سوریا ببنەوە و هەڕەشەی هێرشی زیاتری کرد لە داهاتوودا.

XS
SM
MD
LG