Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەشێک لە کارمەندەکانی باڵیۆزخانەکەی لە لوبنان دەکشێنێتەوە

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند فەرمانیان کردووە بە کارمەندە ناپێویستەکانی حکومەت و خێزانەکانیان لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیروت کە لوبنان جێبهێڵن.

ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی، "ئێمە بەردەوامین لە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی و بە پشتبەستن بە دوایین هەڵسەنگاندنمان، بڕیارمان داوە کە وا باشترە ژمارەی کارمەندان کەمبکرێتەوە و تەنها کارمەندانی پێویست بهێڵرێنەوە."

ئەو بەرپرسە دەشڵێت، "باڵیۆزخانەکە بە ستافی پێویستەوە کاردەکات. ئەمە ڕێکارێکی کاتیە کە مەبەست لێی دڵنیابوونە لە سەلامەتی ستافەکەمان."

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، بەرپرسێکی ئەمەریکایی لە فڕۆکەخانەی بەیروت ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە 32 کارمەندی باڵیۆزخانەکە لەگەڵ خێزانەکانیان بە فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی بەیروتەوە لوبنانیان جێهێشتووە.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە گرژییەکانی ناوچەکە و ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئێران لە بەرزبوونەوەدان.

هەروەها ئاژانسە هەواڵییەکان ئاماژە دەکەن بە ئەگەری گۆڕانکاری لە کاتی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل کە وا بڕیار بوو شەممەی داهاتوو ئەنجامی بدات. ئۆرشەلیم پۆست دەڵیت لە دوو سەرچاوەوە زانیویەتی کە سەردانەکە بۆ دووی مانگی سێ دواخراوە.

شایانی باسە، ئەمەریکا ئامادەیی سەربازی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد دەکات و ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری دا کە ئەگەر دانوستانەکان لەگەڵ ئێران شکست بهێنن، "شتی خراپ ڕوودەدات."

XS
SM
MD
LG