Accessibility links

فەرماندەکانی پێشووی بەریتانیا: پێویستە ڕێگە بە ئەمەریکا بدرێت بنکە ئاسمانییەکانی بەریتانیا بۆ چالاکی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی بەکاربهێنێت

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی پێشووی سەربازی بەریتانیا داوایان لە کەیر ستارمەر سەرۆک وەزیران کردووە "ئەولەویەت بدات بە ئاسایشی نیشتمانی" و ڕێگە بە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا بدات بنکەکانی بەریتانیا بۆ کردەوەی سەربازی دژ بە کۆماری ئیسلامی بەکاربهێنێت.

ئەو داوایە لەکاتێکدایە لەندەن ڕێگەی بە ئەمەریکا نەداوە ئەو بنکانەی کە کەوتوونەتە سەر خاکی بەریتانیا و ناوچەکانی دەرەوەی وڵات بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بەکاربهێنێت.

بەپێی ڕۆژنامە کە، ئەم هەڵوێستەی حکومەتی بەریتانیا شەوی ڕابردوو لەلایەن ئیڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەوە لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ هاوتا ئەمەریکاییەکەی مارکۆ ڕوبیو لە واشنتۆن دی سی دووپاتکرایەوە.

ناوبراو بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە کە بەریتانیا "فشاری دیپلۆماسی و ئابووری" بۆ سەر کۆماری ئیسلامی پێ باشترە.

لەلایەکی دیکەوە بە پێی ڕاپۆرتی دەیلی مەیل، جەیمس کارتلێج وتەبێژی پارتی پارێزگاران ڕەخنەی لە ڕێبازی حکوومەت گرتووە و ڕایگەیاندووە کە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی "مەترسییەکی جددییە بۆ سەر بەریتانیا و هاوپەیمانەکانمان."

ئەفسەری هێزی دەریایی خانەنشین، کرس پێری بە دەیلی مەیلی بەریتانی ڕاگەیاندووە، " لەکاتێکدا کە هاوپەیمانە ئەمەریکاییەکەمان پێویستی بە دڵنیابوونەوەیە لەوەی بەرتیانیا دژایەتی توندی ڕژێمە بەدکارەکان دەکات بە دەستڕاگەیشتن بە دوورگەکانی چاگۆس و بنکەی هاوبەش لە دیێگۆ گارسیا، بەڵام حکومەتەکەمان بە بێ متمانە و لاواز دەردەکەوێت".

تام شارپ، فەرماندەی پێشووی هێزی دەریایی شاهانە بە ڕۆژنامەکەی گوت "بە ڕەهایی پێویستە ڕێگە بە ئەمەریکا بدەین بنکەکانی بەریتانیا بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئامانجدار دژی [کۆماری ئیسلامی] ئێران. ئەگەر کارێکی وا نەکرێت زۆر هەڵەیە. ئەمەریکاییەکان دەتوانن بە هەر شێوەیەک بێت دیێگۆ گارسیا بەکاربهێنن، چونکە بنکەیەکی هاوبەشە، بەڵام پێویستە چالاکانە پشتگیری لەوە بکەین."

بەڵام سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پلانەکانی ئەمەریکای ڕاگرتووە، بەپێی دەیلی مەیل، دوای ململانێیەکی دیپلۆماسی لەسەر داهاتووی دوورگەکانی چاگۆس – کە دیێگۆ گارسیا بەشێکە لێی. ناکۆکییەکە بەهۆی نیگەرانییەکانی بەریتانیا لە سەرڕەوایەتی بوونی ئەو چالاکییە سەربازییەی ئەمەریکا سەریهەڵداوە.

ڕۆژی چوارشەممە 19ی 2، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث، پەیامێکی بڵاوکردەوە و هۆشداریی دا بە کەیر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە گواستنەوە یان بەکرێدانی درێژخایەنی دوورگەی ستراتیجی دیێگۆ گارسیا هەڵەیەکی گەورە دەبێت و نابێت بەریتانیا کۆنترۆڵی ئەو دوورگەیە لەدەست بدات.

لە پەیامەکەدا هاتووە، ئەگەر حکومەتی ئێران "بڕیاری ڕێککەوتنێک نەدات، ڕەنگە ئەمەریکا پێویستی بە کەڵک وەرگرتن بێت لە بنکەی دیێگۆ گارسیا و فڕۆکەخانەی فێرفۆرد بۆ ڕێگریکردن لە هێرشێکی ئەگەری لەلایەن ڕژێمێکی زۆر ناسەقامگیر و مەترسیدارەوە. هێرشێک کە دەشێت دژی بەریتانیا و وڵاتانی دۆستی دیکەش ئەنجام بدرێت".

XS
SM
MD
LG