Accessibility links

کورد ڕۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایک پیرۆز دەکات

ئەمڕۆ شەممە، ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لە سەرانسەری جیهان بەڕێوەدەچێت.

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا بۆ تیشک خستنە سەر گرنگی زمانی کوردی لە شارە کوردەکان و لە نێو ڕەوەندی کوردی لە سەرانسەری جیهان سەردان چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت.

لەو چوارچێوەیەدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا دەڵێت" پابەندیمان بە بره‌وپێدان و پێشخستنی زمانی دایک بۆ هەمووان دووپات دەکەینەوە؛ لە زمانی کوردییەوە تا زمانی پێکهاتە نەتەوەیییەکان (تورکمانی، سریانی و ئەرمەنی). پاراستنی زمانی دایک، پاراستنی ناسنامە و مێژووی دەوڵەمەند و داهاتووی کوردستانە."

مەسرور بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند " زمان، بنەمایەکی گرنگ و سەرەکی بوون و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیمانە. حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە گرنگیدان بە زمانی کوردی و زمانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستان دووپات دەکاتەوە."

هاوکات مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، زمانی کوردی لە ڕۆژئاوا نەک تەنها دەبێت بپارێزرێت بەڵکو پێویستە پێگەی فەرمی هەبێت.

عەبدی ئاماژەی بە فەرمانی ژمارە 13ی سەرۆکایەتی سوریا کرد کە کلتوور و زمانی کوردی وەک زمانێکی نەتەوەیی لە سوریا دەناسێت و ڕێگە بە کورد دەدات زمانەکەی فێربێت. ئەو فەرمانە مانگی ڕابردوو لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریاوە دەرچووە.

فەرماندەکەی هەسەدە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەشڵێت "دەتوانین ئەم ساتەوەختە بە دەستکەوتێک لە قەڵەم بدەین، چونکە ئەمە یەکەمجارە کە زمانی کوردی بە فەرمی وەک زمانێکی نەتەوەیی لە سوریا بناسرێت."

عەبدی ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای گرنگی ئەو هەنگاوە، بەڵام هێشتا لە ئاست خواستەکانی کورددا نییە، بەو پێیەی هەر پێش ئەم بڕیارەش لە چەند ساڵی ڕابردوودا قوتابخانە و زانکۆکانی ڕۆژئاوا بە زمانی کوردی بوون، واقیعێکیش لە ناوچەکەدا سەریهەڵداوە کە پێویستە ڕەچاوی بکرێت.

عەبدی وتی" ئەم بابەتە لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی سوریا و لە ڕێککەوتنی 29ی مانگی یەکدا وروژێندرا، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شارەزایان و کەسانی پەیوەندیدار جارێکی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەی سوریا تاوتوێی دەکەن."

تونجەر بەکرخان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (DEM پارتی) ڕایگەیاند، "21ی شوبات ڕۆژێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی بەردەم زمانەکان، بەداخەوە کۆماری تورکیا لە سەد ساڵی ڕابردوودا بووە بە گۆڕستانی زمان".

دەشڵێت "زمانی کوردی، بەتایبەتی شێوەزاری کەرمانجی (زازاکی) لەم پرۆسەی سیاسەتی نەهێشتنەدا زیانی زۆری بەرکەوتووە و بەردەوامیشی هەیە، چارەسەری بەبێ ئازادی و پێگەی زمانەکان ناکرێت. مافی خوێندن بە زمانی دایک مافێکی جێگرە".

ژمارەیەک پانێڵ و سیمینار لە کوردستان و چەند وڵاتێکی ئەوروپایی بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی زمانی دایک بەڕێوەدەچن.

ڕێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشنبیریی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) لە 17ی مانگی یازدەی ساڵی 1999 بڕیاریدا 21ی شوبات وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایک تەرخان بکات بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنج بۆ گرنگی فرە کولتوری و فرە زمانی لە سەرانسەری جیهاندا.

XS
SM
MD
LG