دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەمڕۆ هەینی ڕۆژنامەنووسێکی بنکۆڵکاری دەزگای دۆیچە وێلێییان دەستگیرکرد بە تۆمەتی ئەوەی گوایە سوکایەتی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە لە سۆشیال میدیادا.
هێزەکانی تورکیا درەنگانێکی شەوی پێنجشەممە چوونە سەر ماڵی ئەلیجان ئوڵوداگ کە لە بەشی تورکی دۆیچە وێلێی ئەڵمانی کاردەکات.
هێزەکان ئەو ڕۆژنامەنووسەیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی ئەوەی گوایە لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سوکایەتی بە سەرۆکی تورکیا کردووە و زانیاری ناڕاستی بڵاوکردووەتەوە.
دەستەڵاتدارانی تورکیا هیچ وردەکارییەکیان بڵاونەکردووەتەوە سەبارەت بەوەی کام لە پۆستەکانی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەچنە خانەی سوکایەتییەوە؛ بەڵام ئەلیجان ئوڵوداگ بەوە ناسراوە چەندین ڕاپۆرتی بنکۆڵکاری کردووە لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە سیستەمی دادوەری تورکیا و کەیسەکانی گەندەڵی.
ڕۆژنامەنووسەکە هەموو تۆمەتەکانی ڕەتکردووەتەوە.
هاوکات بەڕێوەبەری گشتی دۆیچە وێڵێ، باربارا ماسینگ، دەستگیرکردنەکەی بە "کردەوەیەکی ترساندنی بە ئەنقەست" ناوبرد و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی کرد.
هەروەها دەیان دەزگای چاودێری مافی مرۆڤ و سەربەخۆیی ڕۆژنامەوانی ئەم دەستگیرکردنەیان ئیدانە کردووە و بە هەوڵێکیان داناوە بۆ سەرکوتکردنی بیروڕای ئازاد.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا تورکیا چەندین کەیسی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی بە تۆمەتی سوکایەتی بە ئەردۆغان بەخۆوە بینیوە.
ئەو کەسانەی بەو تۆمەتە سزا دەدرێن، ئەگەری هەیە چوار ساڵ زیندانی بکرێن.