ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێرانی دەستبەجێ لەسێدارەدانی ئەو هەشت کەسە ڕابرگرن کە لە میانەی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی وڵاتەکە لە مانگی یەکدا سزا دراون. داواش دەکات دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەستبەجێ " کۆتایی بە دادگاییکردنی خێرا و نادادپەروەرانەی لانیکەم 22 کەسی دیکە بهێنن کە پەیوەندییان بە ڕاپەڕینەکەوە هەیە."
ڕێکخراوەکە دەشڵێت زانیاری لەسەر لانی کەم 30 کەس کۆکردووەتەوە کە بەهۆی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانەوە ڕووبەڕووی سزای مەرگ دەبنەوە، لە نێویاندا لایەنی کەم 8 کەسی کە لە مانگی دوودا"لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا دوای دەستگیرکردنیان" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا. ئەوانەش بریتین لە ساڵح محەمەدی، محەمەد ئەمین بیگلاری، عەلی فەهیم، ئەبولفەزڵ ساڵحی سیاوەشانی، ئەمیر حسێن حاتەمی، شاهین واحدپەرست کلور، شهاب زاهیدی و یاسر ڕەجایفەر.
ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی هەروەها ڕایگەیاندووە کە لانیکەم "22 کەسی دیکەش کە دوو منداڵی تەمەن 17 ساڵیشیان تێدایە مەترسیی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ئەمنستی ئەنتەرناشناڵ (لێخۆشبوونی جیهانی) ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەی دۆسیەی ئەو کەسانە "لەسەر بنەمای ئەو ئەو دانپدانانە بووە کە لە ژێر ئەشکەنجەدان و زنجیرەیەک سەرپێچی مافەکانی مرۆڤ و دادگاییکردنی دادپەروەرانە، بەدەستهێاتوون. تەنانەت لە کاتی قۆناغی لێکۆڵینەوەدا ڕێگەی دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەر نەدراوە و ڕێگەش نەدراوە کە خێزانەکانیان پارێزەری سەربەخۆیان بۆ دابین بکەن."
دیانا ئەلتەهاوی، جێگری بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا دەڵێت "بە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان لە دادگاییکردنی خێرادا تەنها چەند هەفتەیەک دوای دەستگیرکردنیان، دەسەڵاتدارانی ئێران جارێکی دیکە قووڵایی گوێنەدان بە مافی ژیان و دادپەروەریان ئاشکرا کرد." ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوان سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی کەشێکی ترسناک و شکاندنی ڕۆحی گەلێک کە داوای گۆڕانکاری بنەڕەتی دەکەن."
گوتیشی "منداڵان و گەنجان بەشێکی سەرەکین لەوانەی کە لە دوای ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەکەوە لەلایەن حکومەتەوە سەرکوت کراون و دەستگیرکراون و، بێبەشن لە دەستڕاگەیشتن بە نوێنەرایەتی یاسایی کاریگەر، ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان یان مامەڵەی خراپی دیکە بوونەتەوە و لە گۆشەگیری تەواودا ڕاگیراون تا بە بە زۆر دانپێدانانیان لێوەربگرن."
هەروەها ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی هۆشداری داوە کە "ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو کەسانەی کە مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە زۆر زیاترە"، وەک ڕێکخراوەکە دەڵێت دەسەڵاتداران "بە شێوەیەکی بەبەرنامە ڕێگری لە خێزانەکان دەکەن کە تۆماریان بکەن" و دەستگیرکراوەکان دەخەنە ژێر بارودۆخی وەک "دەستبەسەرکردنی بێ پەیوەندی"، "بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ"، "ئەشکەنجەدان" و "مامەڵەی خراپی دیکە" بە مەبەستی بەدەستهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ.
ڕێکخراوەکە داوا لە هەموو وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها دەزگا نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان دەکات، ڕێوشوێنی دیپلۆماسی بەپەلە و هەماهەنگ بگرنەبەر بۆ ئەوەی داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزا و لەسێدارەدانی ساڵح محەمەدی و محەمەد ئەمین بیگلاری و ڕاگرتنی حوکمی لەسێدارەدانی زیاتر، و دڵنیابوون لەوەی هەر تۆمەتبارێک "بەپێی پێوەری دادگاییکردنی دادپەروەرانە" دادگایی بکرێت بەبێ پەنابردن بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی زۆرەمڵێ.
هەروەها ڕێکخراوەکە داوا لە حکومەتەکان دەکات فشار بخەنە سەر دەزگا نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی دەستیان بە زیندانەکان و ڕێوشوێنی دادگاییکردن بگات".