دوابەدوای ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ئۆتۆمبێلێکی حزبی کۆمەڵەی شوڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، کە تێیدا پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستدا و پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بوو، هاووڵاتیان و چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووبەڕووی نیگەرانی و نادڵنیاییەکی زۆر بوونەتەوە و پرسیار لە هۆکاری ڕووداوەکە دەکەن.
لە کاتێکدا کە ڕێکخراوی سی پی تی لە هەرێمی کوردستان ئەم ڕووداوەی بە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران ناودێر کرد، بەڵام دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاندووە سوتانی ئۆتۆمبێلەکەی حزبی کۆمەڵە لە سەر ڕێگای دووکان بۆ سلێمانی "ڕووداوێكی هاتووچۆی ئاسایی بووە."
دەزگاکە لە درێژەی ڕوونکردنەوەکەیدا ڕایگەیاندووە "دەستبەجێ لەسەر ئەم ڕووداوە تیمەکانی لێکۆڵینەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان ئەنجام داوە و دەردەکەوتووە ئۆتۆمبێلێکە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە وەرگەڕاوە و گڕی گرتووە."
گوتیشی" لەڕووداوەکە دوو سەرنشین لەئۆتۆمبێلەکەدا هەبوون و کەسێکیان گیانی لەدەستداوە."
نادڵنیایی و گومانەکان
بەشێک لە چالاکوانانی سیاسی و هاووڵاتیانی کورد لە سۆشیال میدیا باس لە ئەگەری کردەوەی پلان بۆ داڕێژراو دەکەن و پەنجەی تاوانبارکردنیان ئاراستەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن. بانگەشەیەک کە تا ئێستا لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ئەم قسە و باسانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، حزبە کوردییەکانی ئێران کە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانە، ڕووبەڕووی فشار بوونەتەوە بۆ داماڵینی چەک و گواستنەوەیان بۆ ئۆردوگا دیاریکراوەکان؛ پرۆسەیەک کە دوای ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و تاران چڕتر بووەوە. بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەئاماژەدان بە ئەگەری هێرشی سەربازی ئەمەریکا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران باس لەوە دەکەن ڕووداوی سەر ئۆتۆمبێلەکەی حزبی کۆمەڵە کاری کۆماری ئیسلامی ئێران بووە و دەڵێن ئەم حکومەتە هەر کاتێک ڕووبەڕووی فشاری نێودەوڵەتی بووەتەوە و هەستی بە مەترسی کردبێت، ئەوا هێرشی کردووەتە سەر حزبە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان.
چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵە
عومەری ئیلخانیزادە جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵە لە وەڵامی پرسیاری دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان وتی نە ئەو ڕاگەیەندراوە ڕەت دەکەمەوە و نە پشتڕاستی دەکەمەوە و هیچ لێدوانێکم نییە و چاوەڕێ لێکۆڵینەوەی خۆمان دەکەین.
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە چەند ئەندام و بەرپرسێکی دیکەی کۆمەڵەوە کردووە و وەڵامی پەیوەندییەکەیان تا ئێستا نەداوەتەوە.
پاشخانی گرژییەکان
ساڵانێکە حزبە کوردییەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان بنکە و بارەگایان هەیە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا پرسی چەکداماڵین و گواستنەوەیان بۆ کەمپە دیاریکراوەکان بووەتە تەوەرێکی سەرەکی لە گفتوگۆ ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و تاران. هەندێک لە چاودێران پێیان وایە ئەم دۆخە دەتوانێت کاریگەری لەسەر تێڕوانینی گشتی هەبێت بۆ هەر ڕووداوێکی ئەمنی کە ئەم لایەنانە تێیدا بەشداربن.
تا ئەو کاتەی ئەنجامە فەرمی و بەڵگەدارەکان بڵاودەکرێنەوە، گێڕانەوەکان سەبارەت بەم ڕووداوە بە گومانەوە سەیر دەکرێن. بەڵام ئەوەی دیارە و پشتڕاستکراوەتەوە تاکو ئێستا، کوشتنی پێشمەرگەیەک و برینداربوونی پێشمەرگەیەکی دیکەیە. ڕووداوەکە جارێکی دیکە نیگەرانی سەبارەت بە پاراستنی چالاکوان و هێزە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی دروستکردووە.
ئەم ڕاپۆرتە لەگەڵ بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان و لەگەڵ وەڵامدانەوەی لایەنە پەیوەندییەدارەکاندا نوێ دەکرێتەوە.